دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەینی لە گوندی پەلكانە سەدان عەرەبی هاوردە هێرشیان کردە سەر جوتیارانی کورد بۆ دهستبهسهرداگرتنی زەوییەکانیان، هێزی پێشمەرگە خرایە حاڵەتی ئامادەباشیی و چاودێری دۆخی سنوورەکەی دەکرد، کەمێک پێش ئێستا عەرەبی هاوردە پەلکانەی جێهێشت.
ئامانج ساڵح پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین، لەدوای چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ گوندی پەلکانە عەرەبی هاوردە پەلکانەی جێهێشت.
ئەمڕۆ شەممە 22ـی 04ـی 2023 نووری حەمەعەلی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندی پەلکانەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان له سنووری پارێزگای كهركووک، لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە و چاودێری دۆخی پەلکانە دەکات.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخی پەلکانە ئاماژەی بەوە دا کە چاوەرێی هەڵوێستی هێزە عێراقییەکان دەکەین کە ئەودۆخەی پەلکانە چاک بکەن، ئەگینا ئێمە ڕێگە نادەین دۆخی خەڵکی ئێمە بەو جۆرە بێت.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان تیڤی، ئێوارەی دوێنێ هەینی لە گوندی پەلكانە سەدان عەرەبی هاوردە هێرشیان کردە سەر جوتیارانی کورد بۆ دهستبهسهرداگرتنی زەوییەکانیان، له هێرشهكهدا جوتیاره کوردهكانی گوندی پهلكانه بهرگرییان لهخۆیان كرد و بهرپهرچی هێرشهكهیان دایەوە، بههۆیهوه نزیکەی 10 جوتیاری كورد له هێرشهكهدا بریندار بوون و لەناو عەرەبەکانیش ژمارهیهک برینداری لێکەوتەوە.
مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بەو هێرشەی کرایەسەر جوتیارانی گوندی پەلکانە، گوتی: هێرشەکەی سەر گوندی پەلکانەی ڕۆژئاوای کەرکووک، هەوڵێکی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری.
گوتیشی: پەلاماردانی کوردانی پەلکانە و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە لە ڕێگەی ترس و تۆقاندن سەرکۆنە دەکەین.
سهرۆكی حكوومهت ئاماژەی بەوەش دا کە "داکۆکی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و نەهێشتنی ئاڵۆزی لەو ناوچانە و ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.