Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 14:08

 هەشتا ساڵە لەسەر كارەكەی بەردەوامە

کوردستان TV
100%

وەستا محەمەد فەرەج بەدەستە لەرزۆكەكانییەوە لە سوچێكی بازاڕی نەورۆز لە گەڕەكی دەرگەزێنی شاری سلێمانی بەردەوامە لە پیشەكەی خۆی كە زیاتر لە سێ چارەكی تەمەنی تیادا بەسەر بردووە.
وەستا محەمەدی تەمەن 87 ساڵ وەك خۆی باسی دەكات لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە لای وەستا رەشید فەرەج-ی مامی بووەتە شاگرد و بە رۆژانەی 10 فلس كاری كردووە و هەر لەوێشەوە فێری بەرگدروو بووە.
ئەو وەستا دەستڕەنگینە كە هێشتا جلوبەرگی كوردی بە شارەزاییەكی كۆنەوە دەدروێت، ئێستا هەرچەندە تەمەن هیلاكی كردووە، بەڵام هەر بەردەوامە لە پیشەكەی و باس لە قۆناغی دەستپێكی كاری بەرگدروویی دەكات و دەڵێت: "لە ساڵی 1960 بە دواوە سەربەخۆ ئیشی درومان دەكەم، سەرەتا بە دەرزی و دەزوو، بە دەست درومانمان دەكرد، كەوا و سەڵتەمان دەدوری و مرادخانی لۆكە لەناو، لۆكەمان تێدەكرد و بە دەست دەماندورییەوە.
وەستا محەمەد بەو چەشنە باسی لە پڕۆسەی بەرگدروورینی دەكرد لە سلێمانی كۆندا تا ئەو كاتەی مەكینەی تایبەت بە بەرگدروویی دێتە شارەكە و گوتی: دواتر مەكینەی خەیاتی هات، بەلامانەوە شتێكی سەرسوڕهێنەر بوو. ئێستا قوماش ئێجگار زۆرە، قوماشە بەناوبانگەكان كەم بوون، سەرەتا باشترینیان فەتاح پاشایی بوو قوماشێكی عێراقی بوو دواتر رۆمانی هات، بەبێ جیاوازی جوولەكە و مەسیحی دەهاتنە لامان، جوولەكەكان جلوبەرگی تایبەتی خۆیان، چاكەت، كەوا و سەڵتەیان هەبوو بۆمان دەدورین.
وەستا محەمەد فەرەج-ی بەرگدروو كە ئێستا توانای قسەكردنی نەماوە بۆ ئاخاوتن لەگەڵ كەناڵەكانی راگەیاندن، وەك بە بیری دێت، ئاماژە دەكات بەوەی كە لە كۆندا جوولەكە و مەسیحییەكان سەریان لێداوە بۆ ئەوەی جلوبەرگیان بۆ بدوورن لەوانە بارۆن و شارۆن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.