Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 07:39

لە ڕۆژانی پشووی جەژندا 63 هەزار و 592 گەشتیار سەردانی هەولێر پایتەختیان كردووە 

نادر رۆستی: له‌ دوو رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژندا 145 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌
کوردستان TV
100%

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی ئەو ئامادەكاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە:
بەپێی ئەو ئامادەكاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لەلایەن لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان ئامادەكاری بۆ كرابوو، پلانەكە وەكوخۆی و بە سەركەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێكرا.
ئاماری گشتیی ژمارەی هاتنی گەشتیار و ڕووداوەكانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵیش، لە سنووری پارێزگاكەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 
یەكەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، وەك دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین كردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەكان و دابەشكردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەكان بەسەر گرووپە گەشتیارییەكان و گەشتیاران بۆ یٔەوەی ھاوكاربن بۆ چارەسەركردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینكردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەكانی شاری ھەولێر و پێكھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنكە گەشتیارییەكان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشكەشكردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنكە گەشتیارییەكان، ئەمەجگە  لە ئاگاداركردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەكان و پێدانی ڕێنمایی لە كردنەوەی ریستۆرانتەكانیان بۆ پیشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریكردنی نرخ لە بنكە گەشتیارییەكان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان كردووە بریتی بوو لە (63 هەزار و 592) گەشتیار.
دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەكاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەكو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێك جێبەجێكران و بۆ هەرحاڵەتێكی  پێویستیش، سەرجەم هێزەكانی ئاسایش لە ئەرك دابوون.
سێیەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی هێزە ئەمنییەكان، بە بەشداری سەرجەم هێزەكان لە هەموو بەش و هۆبەكانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، ئاماری تاوانەكانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (24) تاوان تۆماركراوە، (20) تاوان ئاشكراكراوە، (4) تاوانیش لە ژێرلێكۆڵینەوە دایە.  
چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەك چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەكانی وەكو خۆی و بە سەركەوتووی جێبەجێكران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساكانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (4) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا (3) كەس برینداربون و (1) كەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا. 
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:- 
تەواوی بنكەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی  ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرك دابوون، لەوماویەشدا (7) حاڵەتی ئاگركەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگركەوتنەوەكانیش لە لایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە كۆنترۆڵكراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانیان لێنەكەوتۆتەوە.
وێڕای دەستخۆشیمان لە یەكە كارگێڕی و ئیدارییەكان و سەرجەم هێزە ئەمنیەكان و ئاسایشی بازگەكان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و تیمەكانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەكان بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێكی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەكەینەوە، وەك هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەكمانەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووكراوەیی هێزە ئەمنیەكانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەك بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2023.4.25
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.