Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 06:14

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان :بارانی بەخوڕ ئاستی ئاوی بەنداوەكانی بەرز كردووەتەوە

کوردستان TV
100%

بە هۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەكان بەرز بوونەتەوە و بەپێی ئەو ئامارانەی دەست فەرمانگەی میدیا و زانیاری كەوتوون "ئاوێكی زۆر گل دراوەتەوە".
بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، یەكێكە لەو بەنداوانەی كە ساڵی ڕابردوو (2022) تەواو كراوە و ئەمساڵ (2023) ئاوی تێدا گل درایەوە، ماوەی چەند مانگێكە سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەری بەنداوەكە پێشتر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتبوو: 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.
هەر لە گەرمیان ئەمساڵ (2023) كارەكانی دروستكردنی بەنداوی تووڕەجار تەواو كراون و توانرا ئاوی تێدا گل بدرێتەوە، بەهۆی ئەو بارانبارینەشی كە ناوچەكەی گرتووەتەوە بە ماوەیەكی كەم سەرڕێژ بووە؛ فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستكردنی بەنداوەكە قسەی كرد و گوتی: كۆی گشتیی ئاوی گلدراوە ملیۆنێك و 750 هەزار مەتر سێجایە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە (25ـی نیسان)، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند "دوای ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەكە بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێك و 684 ملیۆن مەتر سێجا و كۆی گشتیی ئاوی دەریاچەكەش 56٪ـە."
ئەمە لە كاتێكدایە، ماوەیەكە بارانبارینێكی بەلێزمە كە هەورەتریشقە و تەرزەشی لەگەڵدایە، ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكان و بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسییش بارانبارین بەشێوەی پچر پچڕ بەردەوام دەبێت، بەمەش ئاوی زیاتر لە بەنداوەكان گل دەدرێنەوە و دەبێتە هەنگاوێكی گرنگیش بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی.
هەروەها بەنداوی خنس لە دهۆك، یەكێكە لەو بەنداوانەی كە ئەمساڵ كارەكانی نۆژەنكردنەوەی كۆتایی هاتن و توانرا ئاوی تێدا گل بدرێتەوە و (12ـی نیسان) بۆ یەكەمجار بەنداوەكە سەرڕێژ بوو؛ بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكە كە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری كردووە، ئێستا 7 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دراوەتەوە.
هەر لە دهۆك، بەنداوی كەشكان و بەنداوی دهۆك دوو لەو بەنداوانەن كە ئاویان تێدا گل دراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی كە ڕووی لە ناوچە كردووە، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكانی دهۆك، ڕێژەی كۆكراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەكە 22 ملیۆن و 854 هەزار مەتر سێجایە.
ئەمە جگە لەوەی كە ڕێژەی كۆكراوەی ئاو لە دەریاچەی دووكان بووەتە 41.5٪ و لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە، شەش مەتر و 20 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان بەرز بووەتەوە، بەڕێوەبەری بەنداوەكە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: 494 ملیممەتر باران باریوە، بۆیە ئاستی ئاوی بەنداوەكە هێندە بەرز بووەتەوە.
هەرێمی كوردستان، خاوەنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گلدانەوەی ئاوە، پۆند و بەنداوەكان یەكێكن لەو پڕۆژانەی كە ئاوێكی زۆر گل دەدەنەوە و هۆكارێكن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشكەساڵی و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی، هەر لەو پێناوەشدا كابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی جێبەجێ كردووە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.