Erbil 38°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 09:10

ڕاگەیەنراوی ئاسایشی هەولێر لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی کاوە بازیانی

کوردستان TV
100%

دوای ئەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی کەسێک بەناوی کاوە بازیانی کوژرا، ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی بکوژەکەی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و دانپێدانانی بکوژەکەی بڵاو کردەوە.

دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 20ـی 04ـی 2023 لە شاری سلێمانی نزیک بازگەی تاسلوجە هاووڵاتییەک بە ناوی ( کاوە بازیانی) بریندار کرا و دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، پاشان لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری ئەم ڕووداوە دەرچووە بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت تۆمەتبارەکە بەرەو شاری هەولێر هەڵاتووە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانمانەوە بەدواداچوون کرا و توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت لە شاری (هەولێر/ گەڕەکی راستی) لە ماڵی هاووڵاتی ( عەلی مەحموود محەمەد) ناسراو بە (عەلی سیاسی) خۆی حەشارداوە.

ڕاشیگەیاند: دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانمان توانیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی 25ـی 04ـی 2023 تۆمەتبار (بابان ئیبراهیم حەبیب قاسم) دەستگیر بکەن و هەروەها هاووڵاتی (عەلی مەحموود) دەستگیر بکرێت، کە لە ماڵەکەی خۆی تۆمەتبارەکەی داڵدە دابوو.

ئەوەشی خستەڕوو کە بە ماددەی (271) لە یاسای سزادانی عێراقی، بەپێی تایبەتمەندی تۆمەتباران ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر و ڕەوانەی دادگەی تایبەتمەند بەم تاوانە دەکرێن.

ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە "بە پێویستی دەزانین سوپاسی دانیشتوانی شاری هەولێر بکەین کە هەمیشە هەماهەنگ بوون لە پێدانی زانیاری بە دەزگا ئەمنییەکان، هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە هێزەکانمان چاوکراوەن و هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە و ئامادەن بۆ پاراستنی ماڵ و گیانیان و دەستگیرکردنی تاوانباران."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.