Erbil 38°C شەممە 04 کانوونی دووەم 05:19

ئاسایشی هەولێر: مافی یاسایی خۆمانە سکاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆمار بکەین کە تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنە دەزگاکەمان

کوردستان TV
100%

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی بکوژی کاوە بازیانی و داڵدەدەرەکەی بە ناوی عەلی مەحموود، لە چەند دەزگایەک تۆمەتی ڕفاندن درایە پاڵ ئاسایشی هەولێرەوە، ئاسایشی هەولێر لەمبارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت، مافی یاسایی خۆمانە سکاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆمار بکەین کە تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنە دەزگاکەمان.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ئەمرۆ سێشەممە 25ـی 04ـی 2023 میدیاکانی دژە حكوومەت مانشێتی سۆری بەپەلەی "چالاكوانێك لە ھەولێر ڕفێنرا" خستە پێش چاوی بینەران، بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بابەتەكە بكەن و ھۆكاری دەستگیركردنی بزانن.

ڕاشیگەیاند: بەداخەوە ئەوەی جێی نیگەرانییە، ژمارەیەک بەناو کەناڵی ڕاگەیاندن و  میدیا و پەڕەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لایەنی نابەرپرس بەبێ زانیاریی ڕاست و دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی زانیارییەکان، وەک پیشەی هەمیشەییان دەکەونە هەڵەیەکی زەقی میدیایی،  پێشوەختە تۆمەتی ڕفاندن دەخەنە پاڵ دەزگا ئەمنییەکان و باس لە ڕفاندنی (چالاکوان) دەکەن، لە کاتێکدا کەسی دەستگیرکراو (عەلی مەحموود محەمەد) بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێی ماددەی (271)ـی سزادانی عێراقی بە تۆمەتی داڵدەدان و حەشاردانی بكوژ دەستگیر کراوە.

ڕاشیگەیاند: لە کاتێکدا بەردەوام ئەفسەر و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان شەونخونی بۆ ئارامی شار و سەر و ماڵی هاوولاتییان دەکەن، مافی یاسایی خۆمانە لەوەی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو لایەنانە تۆمار بکەین کە تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنە دەزگاکەمان.  

ئاسایشی هەولێر دووپاتی کردۆتەوە کە "سوپاسی هاوشارییانی شاری هەولێر دەکەین، لەوەی کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکاری هێزەکانمانن لە بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و تاوانباران، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەس و گرووپێک لەژێر هەر ناوێکدا بێت لە سەرووی یاساوە نییە، هێزەکانمان لە پێناو پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەسزاگەیاندنی تاوانباران هەردەم لە ئەرکدا دەبن."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.