فەرمانگەی تەندروستیی سلێمانی، هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای سلێمانی دڵنیا دەكاتەوە لەوەی، نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشك لە منداڵاندا، نەخۆشییەكی ئاساییە و نەبووەتە مەترسیی و هەڕەشە لەسەر تەندروستیی گشتی.
دەركەوتنی چەندین حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشك لە ناو منداڵاندا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بە شێوەیەكی بەرچاو، دڵەڕاوكێی لە ناو هاووڵاتیانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدا دروست كردووە، لەوبارەیەوە بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانی، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان و ئاماژە بەوە دەكەن، نەخۆشییەكە جێگەی هەڕەشە نییە لەسەر ژیانی منداڵان و بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت.
د. سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشك لە ناو منداڵاندا، نەخۆشییەكی باوە و مانگانە ئەو حاڵەتانە تۆمار دەكرێن، بەڵام لە ئێستادا نەخۆشییەكە زیاد لە جاران بڵاوبووەتەوە و ژمارەی توشبوەكان زیادی كردووە.
جەختیشیكردەوە لەوەی، بەهیچ شێوەیەك پێویست ناكات بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە هاووڵاتیان تووشی ترس و دڵەڕاوكێ ببن، چونكە نەخۆشییەكی كوشندە نییە، وتیشی: دڵنیاین لە توانای پزیشك و نەخۆشخانەكان و هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێكی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی تۆمار نەكراوە.
لای خۆیەوە د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان روونیكردەوە، رۆژانە پێنج تووشبوی هەوكردنی پەردەی مێشك تۆمار دەكرێن و گومان دەكرێت نەخۆشییەكە ڤایرۆسی بێت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی راشیگەیاند: ژمارەی توشبوان بە هەوكردنی پەردەی مێشك لەناكاو زیادیكردوە، چارەسەركردنی نەخۆشەكانیش زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیچ لێكەوتەیەكی خراپ تۆمار نەكراوە.
چەند زانیارییەك لە بارەی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵ (التهاب الصحایا Meningitis)
بەمەبەستی سوودبینین، چەند زانیارییەك لە بارەی نەخۆشییەكە بڵاودەكەینەوە، كە لەلایەن بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە ئامادە كراوە.
هۆكارەكانی نەخۆشییەكە:
لەوانەیە بەهۆی (بەكتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یاخود پاڕاسایت) لە منداڵدا دروست ببێت.
نیشانەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی هەوكردنی پەردەی مێشك:
لەوانەیە یەكێك یان كۆمەڵێك لەم نیشانانە بێت:
بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە سێ مانگ كەمترە:
1- شیرخواردنی كەمدەبێتەوە.
2- ڕشانەوە.
3- بێزاربوون و تێكچوونی باری تەندروستیی.
4- تای بەرز.
5- گەشكە.
6- هەندێكجار دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە.
7- جەستەی منداڵ نەرم دەبێت واتە بێهێزییەكی زۆر.
8- شەكرەی خوێنی دادەبەزێت.
9- ئەو بەشەی لە كەللەی سەردا پێیدەوترێت مەڵاشوو، بەرەو دەرەوە دەردەچێت.
نیشانەكانی نەخۆشییەكە لە منداڵاندا بە گشتی:
1- ڕشانەوە و دڵ تێكهەڵاتن.
2- سەرئێشە.
3- هەستیاریی (حەساسییەت) بە ڕوناكی زیاد دەكات و پێی ناڕەحەت دەبێت.
4- تای بەرز.
5- هۆشی منداڵەكە تێكدەچێت.
6- بێتاقەتیی و تێكچوونی باری دەروونیی منداڵ.
7- لەوانەیە تووشی گەشكە ببێت.
8- ملی ڕەق دەبێت.
بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكە، پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، كە پشكنینێكی زۆر ئاسانە و هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە دروست ناكات.
ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت، لەوانەیە منداڵەكە ڕووبەڕووی چەند كێشەیەكی تەندروستی ببێتەوە:
1- لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.
2- كێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.
3- كێشەی بیستن و لەوانەشە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.
4- گەشكەی بەردەوام.
5- ئیفلیج بوون.
6- زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەم دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.