Erbil 38°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 14:58

سێ بەنداوی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

کوردستان TV
100%

سێ بەنداوی ستراتیژی لە هەولێر، دهۆک و ئیدارەی ڕاپەڕین دروست دەکرێن کە توانای گلدانەوەی ملیارێک مەتر سێجا ئاویان دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، سێ بەنداوی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە توانای گلدانەوەی ملیارێک مەتر سێجا ئاویان دەبێت.

ڕاشیگەیاند: دروستکردنی بەنداوەکان لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و گرنگیدان بە گلدانەوەی ئاو، هەروەها پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ئاو و باشترکردنی دۆخی ئاوی هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە سێ بەنداو لە هەولێر، دهۆک و ئیدارەی ڕاپەرین بە ناوەکانی دەڵگە، مەنداوە و باکرمان دروست بکرێن.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەبارەی دروستکردنی ئەو بەنداوانەوە ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، نەخشەسازیی بەنداوەکانی ئامادە کردووە، بە دروستکردنیشی دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ سەقامگیریی ئاسایشی ئاو و زیادکاردنی ئاو لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ساڵی ڕابردوو (2022) دوو بەنداو لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای دەەبەندیخان تەواو کران و ئەمساڵ (2023) ئاویان تێدا کۆ کرایەوە؛ بە هەردووکیان دەتوانن 22 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە داوە کە "ئەو سێ بەنداوەی دروست دەکرێن، دەتوانن ملیارێک مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە، لە داهاتووشدا دەبنە وێستگەیەکی گرنگ و بەسوود بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ئاو و کارەبا و پەرەپێدانی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.