Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:46

نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت: خراپی دۆخی دارایی سلێمانی قوباد تاڵه‌بانی و حزبه‌كه‌ی لێی به‌رپرسن

کوردستان TV
100%

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردۆتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن.

لە ڕاگەیەنراوێک نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ماوەیەکە دامودەزگا میدیایی و کەسانی نزیکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە وەک هەڵوێستێک لەپێناو مافی مووچەخۆرانی سلێمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان کردووە.

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەی داوە، "بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەکەینەوە کە ئەمەش ستەمێکی دیکەیە لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیانی دەکەن. بەرگری لە مافی مووچەخۆرانی سلێمانی ئەرکی هەموو تیمە وەزارییەکانە و ئەگەر ستەمێک بەرامبەر بە خەڵکی سلێمانی هەبێت، بەر لە هەر کەسێک وەزیرانی پارتی و گۆڕان و سوشیالیستیش قبووڵی ناکەن، بۆیە با موزایەدە بەسەر خەڵکی سلێمانییەوە نەکرێت."

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە "کێشەی نەهێشتنی سیولە چەندین مانگ بوو لە سنووری سلێمانی هەبوو و لێژنەی بەدواداچوونیش پێکهێنرابوو و کاریان لەسەر ئەو کێشەیە دەکرد و بڕیاربوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەر ئەنجامەکانی کاری ئەو لێژنەیەش بکرێت، بەڵام کردەوەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف ڕووی دا و ئەو پڕۆسەیەی پەک خست، چونکە یەکسەر دوای داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارانی کردەوەکە، قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی هەڵوێستیان وەرگرت و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کشانەوە."

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت هۆکاری خراپی دۆخی دارایی سلێمانی دەگەڕێنێتەوە بۆ دەستبردن بۆ داهاتی ئەو دەڤەرە و دەڵێت، "هەموو هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ئەوەی دۆخی دارایی سلێمانیی سەختتر کردووە دەستبردنە بۆ داهاتی ناوخۆی ئەو دەڤەرە، کە هەر خودی قوباد و کەسانێک لە ناو حیزبەکەی لێی بەرپرسیارن."

دەشڵێت، "باشترکردنی ئەو دۆخەش تەنیا بە جێگیرکردنی سیستەمێکی پتەوی دارایی دەکرێت ئەویش بە جۆرێک کە تەنیا حکوومەت چاودێرییەکی وردی لە سەر پڕۆسەی کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان هەبێت و ئەوجا ئەو داهاتانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخرێتەوە خزمەت هاووڵاتییانمان."

سەبارەت بە کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوەکە ڕوون کراوەتەوە، "کرۆکی کێشەی دارایی لە سنووری سلێمانی ئەوەیە کە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهات شەفاف نییە و ڕێگەش نادرێت چاودێرییەکی مەرکەزی لە سەر ئەو پرۆسەیە هەبێت."

نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بە چارەسەر دەزانێت و لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە داوە کە "شوێنی چارەسەریی گشت ئەم کێشانەش تەنیا کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر خەڵکی سلێمانی دەکەن، با واز لە چەواشەکاری و خۆڵکردن لە چاوی خەڵک بێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەن."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.