Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 21:37

ته‌ندروستی هه‌ولێر: هیچ كه‌سێك له‌ گرژییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوا بریندار نه‌كراوه‌

کوردستان TV
100%

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوای هه‌ولێر بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ گرژییه‌كه‌دا هیچ كه‌سێك بریندار نه‌كراوه‌.

ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ئه‌مشه‌و به‌هۆی پابەندنەبوونی کەسوکاری نەخۆشێك به‌ ڕێنمایەکانی نەخۆشخانە و پێشلکردنی یاساکان، گرژی لەنێوان کەسوکاری نەخۆشه‌كه‌ و فەرمانبەران له‌ پرسگەی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوای هه‌ولێر دروستبووە.

ڕاشیگه‌یاند: هۆكاری دروستبوونی ڕووداوه‌كه‌ پابەندنەبوونی كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌ بووه‌ بە ڕێنماییەکانی سەردانیكردنی نەخۆشخانە.

ته‌ندروستی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: دوای پێدانی ڕێنمایی لەلایەن فەرمانبەرانی پرسگەی نەخۆشخانەكه‌، کەسوکاری نەخۆشه‌كه به‌ ڕێنماییه‌كان‌ پابەندنەبوونه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گرژی دروست بووه‌.

ئاماژه‌شی دا: فه‌رمانبه‌رانی پرسگه‌ ڕێگه‌یان به‌ هاوه‌ڵ و كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌ نه‌داوه‌ بچنه‌ ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌‌ بۆ دروستنه‌بوونی جه‌نجاڵی و هۆكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ چارەسەرکردن لەلایەن پزیشکان و کارمەندانه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی هه‌ولێر گوتیشی كه‌ ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی رۆژئاوای هه‌ولێر ئاساییه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ڕووداوه‌كه‌دا هیچ كه‌سێك به‌ گوله‌ بریندار نه‌كراوه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ میدیاكان وایان بڵاو كردبووه‌وه‌‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی ڕووداوه‌كه‌ و دروستبوونی گرژی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری نه‌خۆشه‌كه‌، 4 كارمه‌ندی ته‌ندروستی و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بریندار كراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.