Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 11:23

ئیبراهیم غه‌ریب..له‌سۆزی ژه‌نینی ئۆكۆردیۆنه‌وه‌، حه‌زو ئاره‌زووی بۆ ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا ...!

کوردستان TV
100%

كه‌م نین ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی بواری (گۆرانی خوێندن یان ژه‌نیاری ئامێری مۆسیقا) به‌رده‌وام ته‌واوی كاته‌كانی ژیانی خۆیان ته‌رخان كردووه‌ له‌وپێناوه‌دا ، ته‌نها مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردن بووه‌ به‌ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر كارێكی هونه‌ریشیان له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێك پاره‌دا ئه‌نجام دابێت، ئه‌وه‌ مافی خۆیانه‌، به‌ڵام چه‌ندین كاری هونه‌ریی جوانیان  خۆبه‌خش پێشكه‌ش به‌ خه‌رمان و گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه‌.

له‌دوای ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتاكان گوڕوتینێكی هونه‌ریی ، لێوڕێژ له‌ هونه‌ری به‌رز له‌شاره‌كانی كوردستان به‌گشتی سه‌ری هه‌ڵدا،  تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ( خولی دووه‌م له‌ساڵی 1977) هه‌روه‌ها چه‌ندتیپێكی مۆسیقای منداڵان به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵێك مامۆستای خه‌مخۆر بۆ هونه‌ر  له‌شاری سلێمانی به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی یه‌وه‌ تێكۆشان كاری هونه‌رییان ئه‌نجام دا، سه‌رله‌نوێ كاروانی هونه‌رییان گه‌شانده‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیانه‌، چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه‌زێڕین له‌شاری سلێمانی هه‌ڵكه‌وتن و هه‌ریه‌ك له‌ پاڵ تیپێكی مۆسیقای ڕۆژئاوایی كاری هونه‌ری و به‌رهه‌می گۆرانی و مۆسیقایان پێشكه‌ش كرد.

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین و ژه‌نیاری به‌توانا و ئاوازدارنه‌رێكی پڕ به‌رهه‌م ، هونه‌رمه‌ند( ئیبراهیم غه‌ریب) هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویستی نێوه‌نده‌ هونه‌رییه‌كه‌ بوو نه‌ك له‌شاری سلێمانی به‌ڵكو له‌شاره‌كانی هه‌ولێر و كه‌ركوك و خانه‌قین  و ته‌نانه‌ت شاری به‌غدا جێ ده‌ست و په‌نجه‌ی بوونی هه‌بووه‌.

ئیبراهیم غه‌ریب له‌ كۆتایی ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه‌ وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری مۆسیقا به‌تایبه‌ت، ئامێری( گیتار)  جێ په‌نجه‌ی دیاره‌ و به‌رده‌وام تێكۆشاوه‌ و خزمه‌تی به‌هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ری كوردی كردووه‌، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌وڵات دووره‌و به‌پێویستم زانی یادێكی لێ بكه‌ینه‌وه‌ و به‌چه‌ندپرسیارێك لاپه‌ڕه‌ تاڵ و شیرینه‌كانی لێوڕێژ له‌ به‌خششی كاری هونه‌ریی هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ ، تا نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ، ئه‌و گه‌نج و لاوانه‌ی دوێنێی ڕێبواری ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بوون چۆن ژیان و چۆن گه‌یشتوون به‌م ڕۆژگاره‌ لایان ئاشنا بكه‌ین ، هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار ، ئاواز دانه‌ر و ئاماده‌كاری مۆسیقا، زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ تێكۆشاوه‌ و خزمه‌تی به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌،

دوای ماندوبوونێكی چه‌ند ساڵه‌ له‌ژیانی غوربه‌ت له‌ ( توركیا و یۆنان)  خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌ یه‌كێك له‌شاره‌كانی( فه‌ره‌نسا) ده‌ژی، به‌ئه‌ركی سه‌رشانم زانی پێنووسم بخه‌مه‌ خزمه‌ت ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌ی هونه‌رمه‌ند و پێوه‌ندیم پێوه‌كردو چه‌ند پرسیارێكم‌ ئاراسته‌ كرد، فه‌رموون له‌گه‌ڵ پرسیار و وه‌ڵامه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیم غه‌ریب) (1) .

بیبلۆگرافیای هونه‌رمه‌ند :

ئیبراهیم محه‌مه‌د غه‌ریب فارس ، ناسراو به‌  ( ئیبراهیم غه‌ریب) ، له‌ڕێكه‌وتی ( 15/8/1965) له‌ گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كه‌ی ( سه‌رشه‌قام) ی شاری سلێمانی،به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی ( حاجی مه‌لاعه‌لی) له‌ماڵی خوالێخۆشبوو( مچه‌ی حاجی) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش، چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌،

باوكی هونه‌رمه‌ند پیشه‌ی (نانه‌وا) بووه له‌ڕێی ئه‌و پیشه‌یه‌وه‌ بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی دابینكردووه‌، ‌ ئه‌و پیشه‌یه‌ش ‌له‌ باپیری هونه‌رمه‌نده‌وه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌،

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب، دوامنداڵی خانه‌واده‌كه‌یانه‌و برا بچووكی چوار برای له‌خۆی گه‌وره‌تره‌.

به‌پێویستم زانی له‌ڕێی چه‌ند پرسیارێكه‌وه‌ خودی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب بدوێنم ، لێم پرسیی :

_ له‌گه‌ڕه‌كێكی دێرینی شار و له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش له‌دایكبوویت ، له‌یادتان ماوه‌ ساڵی چه‌ند چوویته‌ قوتابخانه‌و ناوی قوتابخانه‌كه‌تان چی بوو؟

ئیبراهیم غه‌ریب :

باوكم  كه‌سێكی ماندووی ده‌ستی ڕۆژگار بوو ، وه‌ك پیشه‌ نانه‌وابوو،هه‌مووتوانای خۆی خستبووه‌ گه‌ڕ له‌پێناو دابینكردنی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی ، وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی له‌ته‌مه‌نی (6) ساڵی ، واته‌ له‌ساڵی (1971) له‌ قوتابخانه‌ی( حه‌مدی كوڕانی سه‌ره‌تایی) ناونووس كرام، ئه‌و كاته‌ قوتابخانه‌ی ( فریشته‌ و حه‌مدی) له‌یه‌ك بینا دا پێكه‌وه‌ بوون  له‌كۆڵانی پشتی ئوتێل( حه‌سیب ساڵه‌ح) ، ئێستا پێی ده‌ڵێن ( سلێمانی پاڵاس) ، واته‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی خوێندنم و فێربوونم به‌ئه‌لف و بێی زمانی شیرینی كوردی قوتابخانه‌ی حه‌مدی بوو، قوتابخانه‌كه‌مان به‌ناوی ئه‌و شاعیره‌ مه‌زنه‌ی كورده‌و بوو.

پرسیار : جیا له‌ گرنگی قوتابخانه‌ له‌ڕووی په‌روه‌رده‌و فێركردن، ڕۆڵێكی دیكه‌ ئه‌ویش وانه‌ی سروود و  مامۆستای هونه‌ر و سرووده‌ به‌رده‌وام ڕۆڵی گرنگیان هه‌بووه‌ له‌ كاریگه‌ردانان  و پشتیوانی  و ده‌ستنیشانكردنی به‌هره‌مه‌ندان و ده‌نگخۆشان، ئایا به‌ڕێزتان هیچ كاریگه‌رییه‌كی ئه‌و قۆناغه ‌و وانه‌ی سروود تان له‌سه‌ر بووه‌؟

ئیبراهیم غه‌ریب:  به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌، به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان بده‌مه‌وه‌، بوونی ئه‌و هه‌ست و حه‌زه‌م بۆ گۆرانی و مۆسیقای نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌م، وه‌ك مام و خاڵه‌كانم زۆر جار بۆیان ده‌گێڕامه‌وه‌ ، من كه‌ منداڵ بووم دایكی‌ ڕه‌حمه‌تیم زۆر جار له‌گه‌ڵ سۆزو چریكه‌و خۆشئاوازی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وكاته‌ی كه‌هونه‌ره‌كه‌یان له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌ په‌خش ده‌كراو ده‌درا به‌گوێی بیسه‌رانی ئه‌و ڕادیۆ مه‌زنه‌، دایكی ئازیزم له‌ڕێی ئه‌و ده‌نگ و هونه‌ره‌وه‌ منی خه‌واندووه‌، ده‌توانم بڵێم  ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ندانی مه‌زنی وه‌ك ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان1904_24/7/1981)  ،(  تایه‌ر تۆفیق1922_20/10/1987) ، (حه‌سه‌ن زیره‌ك1921_26/6/1972)،( محه‌مه‌دی ماملێ1925_23/1/1999) و( حسێن عه‌لی 1925_18/7/1991) و ... تاد ) ئه‌و ده‌نگانه‌ بۆمن بوونه‌ته‌ لایلایه‌ و منیان خه‌واندووه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ هه‌ست و سۆزی شمشاڵ ژه‌نینه‌كه‌ی باوكم بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ به‌یانیان ده‌چووه‌  نانه‌واخانه‌و كاری ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك له‌كار ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ پشووی ده‌دا، شه‌كه‌ت و ماندوبوونی جه‌سته‌ی به‌ژه‌نینی شمشاڵ ده‌رده‌كرد و به‌ڵام هه‌ست و هۆشیی منی منداڵی كه‌مه‌ندكێش ده‌كرد به‌لای سۆزی هه‌ست بزوێنی شمشاڵه‌كه‌ی، ده‌توانم بڵێم  من كه‌ چاوم كردۆته‌ له‌ناو  هونه‌ردا بووم، هونه‌ر هێدی هێدی خۆی خزاندۆته‌ هه‌ستمه‌وه‌و له‌ڕۆحمدا ڕۆژبه‌ڕۆژ چرۆی كردووه‌،

سه‌باره‌ت به‌ قوتابخانه‌و مامۆستای سروود ، بێگومان ئه‌وه‌ش قۆناغێكی دیكه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانم هه‌بووه‌، له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی مامۆستایه‌كی سروودمان  هه‌بوو ، به‌داخه‌وه‌ مێژوویه‌كه‌ واده‌بێته‌ نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌ ناوی ئه‌و مامۆستا ئازیزه‌م له‌یادنه‌ماوه‌ ، مامۆستایه‌كی هونه‌رمه‌ندی به‌توانا و ڕووخۆش بوو، كه‌ ده‌هاته‌ پۆل ئامێری ( ئۆكۆردیۆن) ی بۆ ده‌ژه‌نین، ئه‌وه‌نده‌ به‌سۆزو هه‌ستی هونه‌ریی ئه‌وئامێره‌ی ده‌ژه‌نی زۆر كاریگه‌ریی له‌سه‌رم دانا، له‌وكاته‌وه حه‌زو ئاره‌زوو و خولیام بۆ مۆسیقا په‌ره‌ی سه‌ند، وایلێكردم كه‌ داوا له‌باوكم بكه‌م (میلۆدیكا‌) یه‌كم بۆ بكڕێ و له‌ماڵه‌وه‌  خۆم پێوه‌سه‌رقاڵ ده‌كرد و هه‌وڵم ده‌دا به‌شێوه‌ی مامۆستا ئازیزه‌كه‌مان بیژه‌نم.

پرسیار : ئاستی خوێنده‌واریتان؟

ئیبراهیم غه‌ریب : ئه‌وه‌نده‌ حه‌زو خولیام بۆ مۆسیقا و ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا زۆربوو، حه‌زم لێبوو بڕوانامه‌ له‌سه‌ر مۆسیقا به‌ده‌ست بهێنم ، هه‌وڵم دا تا چوومه‌ ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی بارودۆخی سیاسی ئه‌وكاته‌وه‌  نه‌متوانی خوێندنه‌كه‌م  ته‌واو بكه‌م ، به‌داخه‌وه‌  ده‌ستبه‌رداری خوێندن بووم و گه‌ڕامه‌وه‌ شاری سلێمانی.

پرسیار : به‌چ ئامێرێكی مۆسیقا سه‌رسام بوویت؟  ئایا خۆڕسك فێربوویت یان مامۆستایه‌كی هونه‌رمه‌ند فێركارت بوو، بۆ هونه‌ری گۆرانیگوتنت هه‌ڵنه‌بژارد ئایا ده‌نگتان خۆش نه‌بوو؟

ئیبراهیم غه‌ریب : من هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ عاشقی مۆسیقا بووم هه‌میشه‌ به‌دوای چۆنیه‌تی ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقاوه‌ بووم ، دوور بووم له‌گۆرانی گووتن چونكه‌ هه‌ستم ده‌كرد كه‌ ده‌نگم له‌بار نییه‌ بۆ گۆرانی گوتن، هه‌میشه‌ وام وێنا كردبوو له‌مێشكمدا كه‌ خۆم پێ بگه‌یه‌نم و بگه‌مه‌ ئاستێك بتوانم مۆسیقا بژه‌نم و خزمه‌ت بكه‌م و له‌نێوه‌ندی هونه‌ری دا خۆم بناسێنم ،

له‌سه‌ره‌تادا یه‌كه‌م مامۆستا كه‌ هاوكار و پشتیوانم بوو ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی ڕه‌وانشاد ( ولیه‌م یوحه‌نا) فێری ئامێری ئۆكۆردیۆنی كردم ، زۆر هه‌وڵی دا له‌گه‌ڵم تا ده‌ست و په‌نجه‌م ڕابێت و گوێچكه‌كانم زیاتر بكرێنه‌ ، پاشان ئامێری ( ڤیۆلۆن_ كه‌مانچه‌) ده‌ستم پێكرد تا به‌ته‌واوی فێری نۆته‌ بووم و نۆته‌م ده‌خوێنده‌وه‌ و به‌رده‌وام بووم له‌ژه‌نین.

وه‌ك وه‌فایه‌ك ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم ، ڕاسته‌ سه‌ره‌تا مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌نا1934_14/9/2005) مامۆستا و ڕێنیشانده‌رم بوو فێری ژه‌نینی ئامێری( ئۆكۆردیۆن و كه‌مانچه‌) ی كردم ، به‌ڵان نابێت ڕۆڵی ئه‌م مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ فه‌رامۆش بكه‌م ، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی توانا فێریان كردم و پێمه‌وه‌ ماندوبوون ، بۆ هه‌میشه‌ له‌دڵه‌وه‌ سوپاسیان ده‌كه‌م هونه‌رمه‌ندان:

1/  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی( ته‌مه‌ندرێژبێت) ، ئامێری كه‌مانچه‌.

2/ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د حسێن ئه‌حمه‌د1944_26/10/2021 ، ناسراو به‌حه‌مه‌ حسێنی فلوت ،( یادی به‌خێر و ڕۆحی شادبێت) ، ئامێری ( فلوت و كلارنێت) .

3/ مامۆستا فه‌رید ، ئامێری  ( عود و بانجو) .

4/ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند جه‌مال شادان ( ته‌مه‌نداربێت) ئامێری ( باڵه‌بان) .

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بدركێنم هیچ یه‌ك له‌و مامۆستا ئازیزانه‌، وانه‌ی ئامێری( گیتار) یان پێ نه‌دام ، له‌و بواره‌دا مامۆستام نه‌بووه‌، واته‌ ده‌رباره‌ی ژه‌نینی ئامێری ( گیتار) به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و حه‌زی خۆم بۆئه‌و ئامێره‌ خۆم فێركرد.

پرسیار : یه‌كه‌م كاری هونه‌ریتان له‌ چ ساڵێك دا ئه‌نجام دا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستت كرد كه‌توانای ژه‌نینی مۆسیقات هه‌یه‌؟

 ئیبراهیم غه‌ریب: یه‌كه‌م كاری هونه‌ریم وه‌ك ژه‌نیاری مۆسیقا، له‌ساڵی (1978) بوو له‌گه‌ڕه‌كی ( شێخ محێدین) به‌ئامێری ( كه‌مانچه‌) به‌شداربووم له‌تۆماركردنی به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی بۆ گۆرانیبێژێك به‌ناوی ( شێخ دارای خه‌یات) ئه‌و به‌رهه‌مه‌ كه‌سایه‌تی به‌هره‌دار و هونه‌ردۆست به‌ڕه‌حمه‌ت بێ ( غه‌ریبی ته‌نه‌كه‌چی) تۆماری كرد.

پرسیار :  له‌ كۆتایی حه‌فتاكان و سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو كۆمه‌ڵێك ده‌نگی نوێ و به‌شێوازی نوێ له‌شاری سلێمانی دا به‌ده‌ركه‌وتن ئایا به‌ڕێزتان له‌پشت كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و ده‌نگ و شێوازه‌ نوێی یانه‌وه‌ بوونتان هه‌بوو؟

ئیبراهیم  غه‌ریب: سه‌ره‌تای ساڵی هه‌شتاكان چونكه‌ سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریم بوو، به‌شداری زۆر كاری هونه‌ریم كرد و توانای هونه‌ریمی تێدا ده‌ركه‌وت ، مۆسیقام بۆ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان ژه‌نی ، كارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( كه‌مال محه‌مه‌د ، (كاروان عوسمان1968_31/9/1991) ، میدیا حسێن، سالار مه‌حمود و ....تاد) كرد ، كاری هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ستایلێكی نوێ بوون به‌ڵام ته‌واو كوردی بوون، من كاری ژه‌نینی مۆسیقا به‌ئامێری ( كه‌مانچه‌و گیتار) ، هه‌روه‌ها ئاماده و دابه‌شكردنی مۆسیقام بۆ كردوون.

پرسیار : به‌ڕێزتان وه‌ك ژه‌نیار كاری هونه‌ریتان ئه‌نجام داوه‌، ئه‌ی له‌باره‌ی ئاوازدانانه‌وه‌، تائێستا هیچ ئاوازتان بۆ هونه‌رمه‌ندان داناوه‌؟

ئیبراهیم غه‌ریب: بێگومان ئه‌و به‌هره‌هونه‌رییه‌ش له‌ هه‌ست و ڕۆحمدا بوونی هه‌بووه نه‌ك ئاواز دانان به‌ڵكو ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقام بۆ زۆر له‌به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان كردووه‌‌، ده‌توانم بڵێم  له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1984) وه‌ ده‌ستم به‌كاری ئاوازدانان و كاری ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ریی كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌یاڵمدا بێت ئاماژه‌ به‌ئاوازه‌كانم ده‌ده‌م ، به‌داخه‌وه‌ له‌و سه‌ر‌ده‌مه‌دا به‌هۆی نه‌بوونی ستۆدیۆ بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كان و ، هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی وڵات و ترس و له‌رز و نائارامیی به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، ناچار بووین كاره‌ هونه‌رییه‌كان له‌ماڵان ، هه‌رجاره‌و له‌ماڵی یه‌كێكمان تۆمارمان ده‌كرد ، نابێت ڕۆڵی دڵسۆزیی و خه‌مخۆریی هه‌ردوو برای ئازیزی كۆچكردوو( غه‌ریبی ته‌نه‌كه‌چی و ئه‌مجه‌دی ڕۆنگۆڕ) ڕۆحیان شادبێت له‌یادبكه‌ین ئه‌وان به‌ئامێری ڕیكۆرده‌ره‌كانی خۆیان به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ تۆمارده‌كردین،  ژماره‌یه‌ك له‌ئاوازه‌كانم كه‌ خۆم كاری  موزیك و دابه‌شكردنم بۆ كردوون بۆ هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ناویانم له‌یاده‌ وه‌ك :

1/ حسێن ڕه‌شید ،، گۆرانی (دڵنیابه‌ به‌مه‌رگیش بێ ) له‌لایه‌ن گروپی سه‌هه‌نده‌وه‌ كراوه‌.

2/ د،ڕه‌واجه‌مال ،، گۆرانی ( سه‌دخۆزگه‌ ئه‌ی یار) ، هونه‌رمه‌ند ( سه‌فین خه‌راجیانی) كاری موزیك و تۆماركردنی له‌ستۆدیۆكه‌ی خۆی بۆی كردووه‌.

3/ سالار مه‌حمود،، گۆرانی( پایز پایز ) ، له‌گه‌ڵ تیپی موزیكی هاوناز تۆمارمان كردووه‌.

4/ په‌یوه‌ندجاف،، گۆرانی( دوێ شه‌و تابه‌یان) زانیاریم نییه‌ كه‌ كێ كاری موزیكی بۆكردووه‌، به‌ڵام هه‌مان ئاوازی( دوێ شه‌و) برای هونه‌رمه‌ند( هێرش فه‌وزی) له‌نه‌رویج وتویه‌تی.

5/ كه‌مال عه‌لی ،، گۆرانی ( وه‌ك بولبولان) له‌هه‌شتاكان خۆم كاری موزیك و دابه‌شكردنیشم بۆ كردووه‌.

6/ سواره‌ محه‌مه‌،، گۆرانی( گه‌شتی گه‌ل و ماچی ده‌مه‌كه‌ی ) خۆم كاری موزیكم بۆ كردووه‌.

7/ بورهان محه‌مه‌د،، گۆرانی ( ئه‌وابه‌هاره‌ دیسان نه‌ورۆزه‌) خۆم كاری موزیكم بۆ كردووه‌.

8/ توانا نزار،، گۆرانی ( تالووتكه‌ی به‌رزی هه‌ڵگورد بمێنێ ) كاك توانا خۆی كاری موزیكی بۆكردووه‌.

9/ حه‌مه‌ جه‌زازه‌نگه‌نه‌،، گۆرانی ( باغی ئاوات)  له‌ساڵی (1982) كاری دابه‌شكردنی موزیكم بۆكردووه‌.

10/ ئارش فازیل_ پارێزه‌ر،، گۆرانی( باغی گشتی ) خۆم كاری موزیك و تۆماركردنم بۆ كردووه‌.

11/ ئازاده‌ ڕه‌ش،، گۆرانی( مۆمی گۆڕان) خۆم كاری موزیك و تۆماركردنم بۆ كردووه‌.

12/ خالید هه‌ڵه‌بجه‌یی ،، سروودێك بۆهه‌ڵه‌بجه‌یی شه‌هید ، خۆم كاری موزیكم بۆ كردووه‌.

13/ ڕێكاف ،،، گۆرانی ( ئازیز بۆچی به‌جێت هێشتم )  خۆم كاری موزیكم بۆ كردووه‌.

14/ مامۆستا ئه‌رده‌ڵان جه‌مال ،، گۆرانی ( وه‌ختێ هاتم ) خۆم كاری موزیكم بۆ كردووه‌.

15/ نه‌شوان ئه‌رده‌ڵان ،، گۆرانی ( نانا نامه‌وێ) هۆنراوه‌كه‌ش خۆم دامناوه‌.

16/ عه‌باس بهادری،، گۆرانی ( زائر امام ره‌زا) تاران TV ئاوازی خۆمه‌ به‌ فارسی .

زۆری تر به‌داخه‌وه‌ بیرم نه‌ماون.

سه‌باره‌ت به‌ توانا و لێهاتویی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب، له‌بواری ژه‌نینی مۆسیقا و ئاوازدان و ئاماده ‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا، په‌یوه‌ندیم به‌هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ( زاهیر جه‌لال) ه‌وه‌ كرد، ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند بۆمان بدوێ ( هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب، یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ به‌تواناكان، هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاره‌زایی له‌هه‌موو ئامێره‌كانی مۆسیقادا هه‌یه‌، خۆش به‌ختانه‌ من له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ یه‌كتریمان ناسیوه‌، له‌یه‌كه‌م كاسێتی من  له‌ساڵی (1986) به‌ناوی ( چیای ژین) ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌توانایه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌شداربوو له‌گه‌ڵ مندا ، له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ئازیزی دیده‌دا وه‌ك( كاكه‌ هه‌ستیار ئه‌نوه‌ر و به‌ڕه‌حمه‌ت بێ كاكه‌ كاروان عوسمان) و هه‌روه‌ها براده‌رێكی دیكه‌ به‌ناوی كاك دڵشاد به‌داخه‌وه‌ ناوی باوكیم له‌یاد نه‌ماوه‌ ، ئه‌و كاسێته‌مان له‌ماڵی خۆمان له‌گه‌ڕه‌كی( شه‌هیدانی ئازادی) تۆماركرد، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ هانامان بۆ ماڵه‌كانمان ده‌برد بۆ تۆماركردن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ستۆدیۆ نه‌بوو، وه‌هه‌روه‌ها نائارامیی و ترس و له‌زری ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و كاسێته‌ كاكه‌ ئیبراهیم غه‌ریب به‌ئامێره‌كانی( گیتار و كه‌مانچه‌) به‌شداربووه‌ له‌گه‌ڵماندا، یه‌كێك له‌جوانترین گۆرانییه‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه‌م گۆرانی( چیای ژین) بوو، له‌هۆنراوه‌ی ( عه‌لی عارفاغا) ی شاعیر و ئاوازی خۆم بوو، كاكه‌ ئیبراهیم ئه‌ركی ئاماده‌و دابه‌شكردنی له‌ئه‌ستۆگرت، له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كی تر به‌ناوی ( نازه‌نینێ خوێن شیرینم) ئه‌و ئاوازه‌ فۆلكلۆری شاری سنه‌یه‌ ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا هونه‌رمه‌ند( نه‌جمه‌دینی غوڵامی) ئه‌و ئاوازه‌ی دامێ، ئه‌ویش هه‌ركاكه‌ ئیبراهیم دابه‌شكردنی مۆسیقاكه‌ی ئه‌نجام دا) (2) .

پرسیار : له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو ، چه‌ندین كاری هونه‌ریی بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی  ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌شاری سلێمانی تۆماركراو بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ پێشمه‌رگه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون ، هونه‌رمه‌ندان ( ناسر ڕه‌زازی ، نه‌جمه‌دینی غوڵامی ،كاڵێ و تایه‌ری خه‌لیلی) ئایا به‌ڕێزتان وه‌ك ژه‌نیار كاری هونه‌ریتان له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ئه‌نجام داوه‌؟

ئیبراهیم غه‌ریب: ده‌توانم بڵێم ئه‌و ساڵانه‌ له‌شاری سلێمانی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سانسۆر و چاوسووركردنه‌وه‌ی حیزبی به‌عس، كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ریی سروود و گۆرانی تۆماركرا، ئه‌و كاته‌ من به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای بابان، كارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( نه‌جمه‌دینی غوڵامی) كردووه‌ له‌ساڵی (1985 و 1986) ، به‌تایبه‌ت چه‌ند گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند نه‌جمه‌دینی غوڵامی له‌كاسێته‌كه‌ی ساڵی (1986) له‌ماڵی خۆمان تۆمارمان كرد، هه‌روه‌ها بۆ هونه‌رمه‌ند( كاڵێ) له‌ساڵی (1987) به‌ئامێری گیتار، كاسێته‌كه‌ بریتی بوو له‌ (8 بۆ 9) ئاواز، هه‌روه‌ها بۆ هونه‌رمه‌ند ( ناسر ڕه‌زازی) عه‌زفم له‌گه‌ڵداكردووه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ قیسمه‌ت نه‌بوو تۆمارنه‌كراوه‌، به‌داخه‌وه‌ هیچ كارێكی هونه‌ریم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( تایه‌ری خه‌لیلی) نه‌كردووه‌.

به‌ڵام ده‌توانم بڵێم وه‌ك ژه‌نیارێك له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان كاری مۆسیقام كردووه‌، ده‌توانم به‌شانازییه‌وه‌ ناویان بێنم چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكی گرنگه‌ له‌مێژووی هونه‌ریم، هونه‌رمه‌ندانی ئازیز وه‌ك ژه‌نیار هاوكاریان بووم  ( زاهیر جه‌لال ، كاروان عوسمان ، كه‌مال محه‌مه‌د، به‌رهه‌م حه‌سه‌ن، عه‌تای حاجی عه‌لی به‌گ، بورهان محه‌مه‌د، مسته‌فا ڕه‌ووف، سواره‌ محه‌مه‌د، خالید محه‌مه‌د، هێرش فه‌وزی، ئازاده‌ڕه‌ش، كه‌مال عه‌لی ، سالار مه‌حمود، ستار ده‌شتی، عومه‌رخه‌مزه‌یی ، عه‌تا چاوشین ( ڕۆحی شادبێت) ، كامه‌ران عومه‌ر، ڕه‌زا چاوڕه‌ش و دكتۆر ڕه‌واجه‌مال ، دڵشاد ئه‌حمه‌د و كامیل محه‌مه‌د و نه‌شوان ئه‌رده‌ڵان و عه‌باس بهادری و عه‌لی باغشاهی له‌ ( ئێران) و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تر ) .

پرسیار : ئایا هونه‌ره‌كه‌تان ته‌نها له‌شاری سلێمانی گه‌شه‌ی كردو ناسرا، یان سنووری جوگرافیای تێپه‌ڕاند؟  په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی كوردستان له‌ چ ئاستێكدا بوو؟

ئیبراهیم غه‌ریب: ئه‌و سه‌ر‌ده‌مه‌ی ئێمه‌ له‌شاری سلێمانی كاری هونه‌ریمان ئه‌نجام ده‌دا، سه‌ر‌ده‌مێك بوو پڕ بوو له‌ خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و هاوكاریی برایانه‌و هونه‌رییانه‌، هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی وه‌ك ئه‌ندامی یه‌ك خانه‌واده‌ كارمان ده‌كرد و به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌ كه‌سیمان وه‌لا نابوو، ته‌نها مه‌به‌ستمان خزمه‌تكردن بوو به‌  هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مان،هه‌رگرووپ و تیپێكی مۆسیقا پێویستی به‌ژه‌نیارێك بوایه‌، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ماددی ده‌ست به‌جێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ئاماده‌یی خۆیی نیشان ده‌دا و به‌ڕۆحیه‌تێكی هونه‌رییه‌وه‌ هاوكاری ده‌كرد ، ته‌نها مه‌به‌ستمان پێشخستنی هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو،له‌شاری هه‌ولێر به‌شداری فیستڤاڵ وكاری هونه‌ریم كردووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وشاره و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ گروپێكی ڕۆژئاوایی له‌شاری هه‌ولێر به‌ناوی( ڤان) كاری هونه‌ریم كردووه‌‌، هه‌روه‌ها له‌شاری دهۆكی خۆشه‌ویست، وه‌ك ژه‌نین و ئاواز و دابه‌شكردن و وانه‌ وتنه‌وه‌ی مۆسیقا كارم بۆ شاری خانه‌قین و هاوكاری زۆرێك له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری كه‌ركوك م كردووه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌شاری به‌غدا، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( الهام مدفعی) له‌ئاهه‌نگدا به‌شداربووم له‌گه‌ڵیدا و گیتارم ژه‌نیوه‌،  كاری هونه‌ریم بۆ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب یش كردووه‌ وه‌ك ( حه‌مید مه‌نسوور، ڕه‌زاخه‌یات، لیلی محه‌مه‌د) له‌ ئوتێل( ئاشوور ) له‌هاوینه‌هه‌واری دوكان، كاری هونه‌ریم له‌گه‌ڵ گرووپی ئۆركێسترای به‌غدا له‌ساڵی(1990) وه‌ك ژه‌نیاری ( فلوت) به‌شداربووم له‌گه‌ڵیاندا، وه‌ك ئاوازدانه‌ر و دابه‌شكردنی مۆسیقا ئه‌ندامی ئۆركێسترای تاران ، به‌شی عه‌ره‌بی بووم.

كه‌واته‌ بۆمن جیاوازی نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ وه‌ك ژه‌نیارێكی كورد خزمه‌ت به‌هونه‌ر به‌گشتی و  فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م.

ده‌رباره‌ی لێهاتوویی و شاره‌زایی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب له‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا و پێگه‌ی هونه‌ریی له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا، هاوڕێی دێرینی ئیبراهیم غه‌ریب ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار( هه‌ستیار ئه‌نوه‌ر) له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ هاوڕێی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ده‌كات(  كاكه‌ ئیبراهیم غه‌ریب هونه‌رمه‌ندێكه‌ ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی وورد له‌سه‌ر كاره‌ هونه‌رییه‌كانی بكرێت، به‌ڵام من ته‌نها به‌و چه‌ند ووشه‌یه‌ ده‌ڵێم هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌زا و قاڵبوو له‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازدانان، هه‌میشه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك بووین به‌كاره‌كانی سه‌رسام ده‌بووین و ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌و ئیحساسه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی سه‌رنجی ڕاده‌كێشاین ، سه‌یر له‌وه‌دابوو ده‌ستی ببردایه‌ بۆ هه‌رئامێرێكی مۆسیقا بێ دوودڵی ده‌یژه‌ند وات هه‌ست پێده‌كرد كه‌ ته‌نها پسپۆری له‌و ئامێره‌دا هه‌یه‌،  نه‌خێر بۆ هه‌موو ئامێره‌كان وابوو ، له‌ڕووی ئاوازدانانه‌وه‌ زۆر كارامه‌و لێهاتوو و ئاوازدانه‌رێكی شاره‌زاو به‌سه‌لیقه‌بوو، ده‌رباره‌ی ده‌ربڕینی ڕای خۆی له‌سه‌ر ئاوازێك، یان دابه‌شكردنی مۆسیقایه‌ك به‌هه‌رحاڵ هه‌ركارێكی هونه‌ریی، به‌شێوه‌یه‌كی زانستی شیده‌كرده‌وه‌ له‌لای هه‌مووان په‌سه‌ندبوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌ هونه‌رییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم له‌هه‌رژینگه‌و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورێك دا بژیی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی خاوه‌ن هه‌ستی هونه‌ریی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌داخۆی ده‌گونجێنێ) (3).

پرسیار : به‌ڕێزتان  ئێستا له‌هه‌نده‌ران ده‌ژین ، ساڵی چه‌ند كوردستان تان به‌جێهێشت ،له‌و وێستگانه‌ی كۆچتان بۆ هه‌نده‌ران له‌هونه‌ر دابڕان ، یان كاری هونه‌ریتان ئه‌نجامدا؟

ئیبراهیم غه‌ریب: له‌ساڵی (2017) بارگه‌م پێچایه‌وه‌ و به‌ره‌و هه‌نده‌ران ڕێم گرته‌به‌ر، پاش ژیانێكی لێوڕێژ له‌ نه‌هامه‌تی و چه‌شتنی سه‌ختی گه‌رماو سه‌رما و ده‌یان چیرۆكی ناخ هه‌ژێن له‌ ( توركیا و یۆنان) ، دوای چوارساڵ مانه‌وه‌ له‌و دوو وڵاته‌ ، ساڵی (2021) له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌م گه‌یشتینه‌ ( فه‌ره‌نسا) .

به‌ڵام له‌هونه‌ر ده‌نه‌بڕام ، چونكه‌ هونه‌ر بۆ من ووزه‌ بوو ، ئومێد و هیوابوو ، نه‌مده‌توانی ده‌ست به‌رداری  هونه‌ره‌كه‌م بم،  چونكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ست و خوێنمدا تێكه‌ڵ بووه‌، دوای ساڵێك مانه‌وه‌م له‌توركیا توانیم به‌هاوكاری یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌ندانی توركیا به‌ناوی( كورشادپه‌رماكسز) سه‌نته‌رێكی فێربوونی ئامێره‌كانی موزیك بكه‌مه‌وه‌ ، وانه‌ به‌زمانی توركی بڵێمه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ به‌رده‌مم ڕۆشن بۆوه‌ و كه‌مێك ناسرام ، كه‌ناڵی ( TRT4) چاوپێكه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵدا سازكردم ، له‌و دیداره‌دا توانیم (5) ئاوازی خۆم به‌زمانی كوردی بڵێم، ئه‌وه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌و دیكۆمێنت له‌ئه‌رشیفه‌كه‌ی خۆمدا پاراستوومه‌.

دواتر له‌ ( ئه‌نقه‌ره‌) ی پایته‌خت به‌شداری فیستڤاڵێكم كرد، كه‌هه‌موو شاره‌كانی توركیا تێیدا به‌شداربوون، ئێمه‌ش وه‌ك گروپی مۆسیقای شاری( نیڤشهر) به‌شداربووین به‌ئامێره‌كانی مۆسیقا( گیتار، سه‌نتوور ، كلارنێت، فلوت و ته‌پڵی توركی ) له‌وفیستڤاڵه‌دا خه‌ڵاتی چواره‌ممان به‌ده‌ست هێنا.

دواتر هه‌واره‌كه‌م گواسته‌وه‌ بۆ ( یۆنان)  له‌وێ هیچ كارێكی هونه‌ریم ئه‌نجام نه‌دا، جگه‌ له‌ نمایشكردنی مۆسیقا له‌چه‌ند شوێنیك ئه‌ویش ته‌نها بۆ چێژوه‌رگرتن بوو نه‌ك بۆ پاره‌، به‌ڵام مانه‌وه‌م له‌یۆنان ئه‌و سووده‌ی هه‌بوو له‌وماوه‌یه‌داتوانیم (14 بۆ 15) ئاوازی نوێ دابنێم ،له‌پرۆڤه‌كردن نه‌ده‌وه‌ستام به‌رده‌وام سه‌رقاڵی پرۆڤه‌كردن بووم، له‌به‌رئه‌وه‌ی مافی په‌نارێتیمان نه‌بوو نه‌م ده‌توانی به‌شداری كاری هونه‌ری ببم .

پرسیار :  له‌وسه‌رده‌مه‌ی به‌ڕێزتان كاری هونه‌ریتان له‌شاری سلێمانی ئه‌نجام ده‌دا ، هاوكات هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین ، ژه‌نیاری كه‌مانچه‌ ( ئه‌كره‌م قادر)  به‌شداری كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ریی كرد و هاوكاری هونه‌رمه‌ندان بوو، به‌داخه‌وه‌ زۆر زوو چرای هونه‌ریی كوژایه‌وه‌، وه‌ك هاوكارو  هاوڕێیه‌كی هونه‌رمه‌ند خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌كره‌م قادری هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ چییه‌؟

ئیبراهیم غه‌ریب: یه‌كێك له‌ جوانترین و ڕۆح سوكترین و دڵسۆز بۆ هونه‌ری مۆسیقا و ژه‌نیاری به‌توانا كاك ئه‌ركره‌م قادر، به‌ ( ئه‌كره‌مه‌ خێلی ) كه‌مانچه‌ ژه‌ن به‌ناوبانگ بوو، ڕۆحی شادو هه‌زارجار یادی به‌خێر ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزه‌ پڕ پڕ بوو له‌خۆشه‌ویستی  و ئاشتی و وه‌فا و دڵسۆزیی بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و هاوڕێكانی، هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوو بتوانێ زیاد له‌تواناو  ووزه‌ی خۆی خزمه‌ت به‌ به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی وڵاته‌كه‌ی بكات، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ جوانه‌ زێڕینه‌ له‌ژیاندا بمابایه‌ ، بێگومان ئێسته‌ له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده‌ به‌تواناكانی گه‌له‌كه‌مان ده‌بوو، خاوه‌نی هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كان بوو ، ژه‌نیارێكی بێ وێنه‌ی ئامێری كه‌مانچه‌ بوو، به‌داخه‌وه‌ به‌كاره‌ساتێك له‌سه‌رچنار گیانی سپارد ا، ته‌نها جێ په‌نجه‌ شیرینه‌كانی ماون و یادگاریه‌ جوانه‌كانی له‌ڕۆحماندا هه‌میشه‌ به‌پیرۆزی و زیندوێتی ده‌مێنێته‌وه‌. 

پرسیار : ساڵی چه‌ند هاوسه‌رگیرتان كردووه‌ و خاوه‌نی چه‌ند جگه‌رگۆشه‌ن؟

ئیبراهیم غه‌ریب: له‌ڕێكه‌وتی ( 6/2/2017) ژیانی هاوسه‌ریم پێكهێناوه‌ له‌گه‌ڵ خاتوونێك كه‌ كچی هاوڕێی هونه‌رمه‌ندی دێرینم ( حه‌مه‌ جه‌زازه‌نگه‌نه‌) ی گۆرانیبێژه‌( یادی به‌خێر و ڕۆحی شادبێت)، په‌روه‌ردگار كچێك و كوڕێكی پێ به‌خشیوین ، كچه‌كه‌م ناوی ( دیلۆسیا) ته‌مه‌نی (5) ساڵ و كوڕه‌كه‌م ( كوكلاسار)  ته‌مه‌نی( 3) ساڵ.

دوای ئه‌و ماوه‌ دوورو درێژه‌ كاركردن و خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازدانان، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم غه‌ریب ده‌خوازم، هیوادارم ژیانی غوربه‌ت و تاراوگه‌ نه‌بێته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م درێژه‌دان به‌كاری هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند.

جه‌مالی ده‌لاك 25/4/2023 هه‌ولێر.

 سه‌رچاوه‌ :

(1)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر (ئیبراهیم غه‌ریب) له‌ڕێكه‌وتی 25/3/2023 ، ناردنی پرسیاره‌كان بۆ هونه‌رمه‌ند ( هه‌ولێر _ فه‌ره‌نسا) ، له‌رێكه‌وتی  5/4/2023 هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌  وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی بۆناردوومه‌ته‌وه‌.

(2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (زاهیر جه‌لال) ، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (23/4/2023) ( هه‌ولێر -سلێمانی) .

(3) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( هه‌ستیار ئه‌نوه‌ر) ، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (23/4/2023) ( هه‌ولێر -سلێمانی) .

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.