Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:29

یه‌كێتی زانایان: ده‌بێت‌ ئه‌وانه‌ی هێرشیان كرده‌ سه‌ر مزگه‌وته‌كه‌ی شه‌نگال سزا بدرێن

کوردستان TV
100%

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كه‌ی دوێنێ پێنجشه‌م بۆ سه‌ر مزگه‌وتی (الرحمن) له‌ شه‌نگال بڵاو كرده‌وه‌ و داوای له‌ ئیداره‌ی خۆجێی ده‌ڤه‌ره‌كه‌‌ كرد ئه‌وانه‌ی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ ده‌ستگیر بكرێن و سزا بدرێن.

یه‌كێتی زانایان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا بەتوندی ئیدانەی هێڕشه‌كه‌ی كرد و گوتی "دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەواڵ و ڤیدیۆی هێڕشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن) لە شەنگاڵ بڵاو بوویەوە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەدواداچوونی وردی بۆ دۆخەکە و چۆنیەتی رووداوەکە کردووە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر خەت بووە".

گوتیشی "هێرشه‌كه‌ لەلایەن چەند کەسێکی دانیشتووی شەنگال کراوه‌ و کاردانەوەی خراپیشی بەدوای خۆیدا هێنا".

هه‌روه‌ها گوتی "ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هێڕش و سووکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سووکایەتی پێ بکات".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ "پێویستە ئیدارەی خۆجێی شەنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکاری یاسایی بگرنەبەر و کەسانی گێرەشێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە، سزا بدات و رێگە نەدات ئاشووب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێ و دواجاریش سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسییه‌وه‌".

یه‌كێتی زانایان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە ئاست پاراستنی پەیامی پێکەوەژیان بن و رێز لە یەکتر و ئاشتەوایی بگرن و رێگە نەدەن کاری تێکدەرانە کاریگەری لەسەر ئارامی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پێکاتەکان دروست بکات".

له‌ كۆتاییدا داوای له‌ موسڵمانانیش كرد بە وریایی و دوور لە ئاستی نزم و بێ زانیاری مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.