Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:51

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزیدییەکان: بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان لە ڕەوشتی تاکی ئێزدیی نییە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزیدییەکان سەبارەت بە هێرشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن) لە دەڤەری شنگال ڕوونکردنەوەی داوە و ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندی بە ئێزدییەکانەوە هەبێت و جەختی کردۆتەوە کە بێڕێزیکردن بە هەر پیرۆزییەک لە ڕەوشتی تاکی ئێزدیی نییە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان نەبوونی سەقامگیری لە دەڤەری شنگال دەگەڕێنێتەوە بۆ هەبوونی هێزی نایاسایی لە دەڤەرەکە و ڕایگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە دەڤەری شنگال ڕۆژانە دووچاری ڕووداوی نەخوازراو دەبێتەوە، ئاشکرایە کە هەر کارێکی تێکدەرانە لە دەڤەرەکە بەهۆی نەبوونی ئارامیی و هەبوونی هێزی نایاساییە کە لە هەموو لایەنێکەوە ژیانی ئاڵۆز کردووە، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی نادروستی حکوومەتی عێراقە."

سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر مزگەوتیش بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەو کارە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت: "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان هەر جۆرە سووکایەتییەک بە هەر ئایینێک بکرێت شەرمەزاری دەکەین و داوا دەکەین هەرکەسێک ببێتە هۆی لاوازکردن و تێکدانی ڕەوشی ئارامی هەرێمی کوردستان بە سزای دادپەروەرانە بگەیەنرێت."

لە ڕوونکردنەوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە، "هەموو جارێک داکۆکی لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەکەینەوە، بەڵام بێڕێزیکردن بە هەر پیرۆزییەک لە ڕەوشتی تاکی ئێزدی نییە، ئێزدییەکان ئەم جۆرە کارانە ناکەن و هێرش نەکراوە، چونکە چەندین ساڵ لەدوای نەمانی داعش هەموو جێگە پیرۆزەکانی ئایینەکانی دەڤەرەکە لەلایەن ئێزدییان پارێزراوە."

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی دەڤەری شنگال بە چارەسەر دەزانێت و لە ڕوونکردنەوەکە دەڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە تاکە چارەسەری ئەو ڕەوشە ئاڵۆزە، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی هەولێر و بەغدایە."

سەبارەت بەو پۆستانەی لە سۆشیال میدیا دەکرێن سەبارەت بەم بابەتە بەڕێوەبەرایەتییەکە بە هەوڵی تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی دەزانێت و ئاماژەی بەوە داوە کە، "هاوکات ئەو پۆستانەی لە سۆشیال میدیا بڵاو کراونەتەوە، هەوڵێک بووە بۆ تێکدان و چەواشەکاری بۆ لاوازکردنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری دەڤەرەکە و زۆر بەتوندی ئەمە شەرمەزار دەکەین."

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە ڕوونکردنەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە "هەندێک تێکدەر هەن دەیانەوێ درز بخەنە نێو ئەو دیوارەی کوردستانی بۆ هەموو پێکهاتەکان ئاوەدان کردووە، ئێمە لەو باوەڕەداین کە خەڵکی ئێمە هۆشیارە لە پلانی ناحەزان."

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 27ـی 04ـی 2023 هەواڵ و ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن) لە شنگال بڵاو بووەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان سەرکۆنەی کارەکەیان کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.