Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 11:24

لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەم نزیکەی 18 هەزار مۆڵەتی خانوو و باڵەخانە لە هەولێر دراونەتە هاووڵاتییان

کوردستان TV
100%

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، لە ماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا،زیاتر لە 17 هەزار مۆڵەتی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری هەولێردا لەلایەن شارەوانییەوە دراونەتە هاووڵاتییان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەکاری و ئاماری چوار ساڵی مۆڵەتی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری هەولێر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵەكانی (2019 تا 31/12/2022) لە هەر سێ سێكتەری نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی، لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە زیاتر لە 17 هەزار مۆڵەت لە سەنتەری شاری هەولێر دراونەتە هاووڵاتییان، كە پێكهاتوون لە 15 هەزار و 996 مۆڵەتی خانوو، 1549 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی، 158 مۆڵەتی پیشەسازی.

ڕاشیگەیاند: خۆشبەختانە مۆڵەتەكان لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا لە بەرزبوونەوەدان و بەپێی ساڵ و سێكتەرەكانیش بەم جۆرە دابەش كراون:-

لە ساڵی 2019 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 3 هەزار و 869 مۆڵەتی خانوو و 446 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 36 مۆڵەتی پیشەسازی لەلایەن شارەوانییەوە دراونەتە هاووڵاتییان، كۆی مۆڵەتانەكان لەم ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە 4 هەزار و 351 مۆڵەت.

لە ساڵی 2020 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 3 هەزار و 723 مۆڵەتی خانوو و 331 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 26 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، واتە كۆی مۆڵەتەكان لەم ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە 4 هەزار و 80 مۆڵەت.

لە ساڵی 2021 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 4 هەزار و 156 مۆڵەتی خانوو و 449 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 37 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، كۆی ئەو مۆڵەتانە لەو ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە 4 هەزار و 642 مۆڵەت.

لە ساڵی 2022 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 4 هەزار و 248 مۆڵەتی خانوو و 323 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 59 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، واتە لە هەر سێ سێكتەردا 4 هەزار و 630 مۆڵەت دراونەتە هاووڵاتییان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە گشتی لە ماوەی هەر چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، 15 هەزار و 996 مۆڵەتی خانوو، هەزار و 549 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 158 مۆڵەتی پیشەسازی دراونەتە هاووڵاتییان، واتە كۆی مۆڵەتەكان لەسەر ئاستی هەر سێ سێكتەرەکە بریتییە لە 17 هەزار و 703 مۆڵەت.

ساسان عەونی، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لە ساڵی 2019ـەوە، ژمارەی مۆڵەتەكان ساڵ لەدوای ساڵ بەرزبووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ خۆشگوزەرانی و باشبوونی بارودۆخی داراییی هاووڵاتییان و بڕوا و متمانەیان بۆ بونیادنان و جێگیربوون و ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ئاماژەی گرنگە بۆ بووژانەوەی شار کە ئەویش كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەكان هەبووە."

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش داوە کە "ئەم ئەنجامەش بەرهەمی ئەو سیاسەتە دروستەیە كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری و ڕێنماییە بەردەوامەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتییان و بووژانەوەی شارەكان لە هەوڵی بەردەوامدا بووە. هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی بوارەكانی مۆڵەتدان و پلانسازی و نەخشەدانی ئاوەدانی لەم سێ ساڵەدا یەكێك بووە لە ئامانجە گرنگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بۆ ئەو مەبەستەش لەم ساڵانەی کارکردنیدا چەندین بەرزەفتە و ڕێنمایی و ڕێكاری تایبەت بە پەرەپێدانی ئەو بوارانە دەركردووە. بۆیە پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا بەجێبەجێکردنیان، ئەنجامەکانی باشتر دەربكەوێت و زیاتر کاریگەری لەسەر ژینگەی بیناسازی و بووژانەوەی ئابووری و باشتركردنی ژینگەی ژیان و كار و تەندروستی و كوالێتی بنیادنان لە هەرێمی كوردستاندا دەربکەوێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.