Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:46

هەڵمەتی لیژنە هاوبەشەکان بەمەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر بۆ دوکانی گۆشتفرۆشەکان ده‌ستی پێكرد

کوردستان TV
100%


بەمەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر کەئاژەڵەکەی بەشێوەیەکی ناتەندروست و بەدەر لە رێنماییەکانی ڤێتێرنەری سەردەبڕرێت لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێرییەکانی چڕترکردوەتەوە.
فریا عوسمان، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی وتی؛ بەدواداچونی شه‌وی رابردوو (29ـی نیسانی 2023)ـی لیژنەکان بۆ دوکانی گۆشتفرۆشەکانە و پشکنین بۆ گۆشت و شوێنەکان و پابەندکردنیان بەمەرج و رێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەرییە، وتیشی؛ بەپێی مەرج ورێنماییەکانی کارکردن، پێویستە ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕێت و لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی ڤێتێرنەرییەوە پێش و پاش سەربڕینیش پشکنین بۆ ئاژەڵەکەو گۆشتەکەی بکرێت پاشان لەلایەن سەربڕخانەوە مۆردەکرێت و گۆشتەکەی دەخرێتە بازاڕەوە.
رونیکردەوە؛ هەر دوکانێکی گۆشتفرۆشتن بەدەر لەرێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری ئاژەڵ سەربڕێت یان گۆشتی بێمۆر لە شوێنەکەیدا هەبێت سەرپێچییە و لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە روبەڕوی یاسایی دەکرێتەوە.
لای خۆشییەوە رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بۆرێگریکردن لە ساغکردنەوەی گۆشتی بێمۆر لیژنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەکات و لە ئێستاشدا تیمەکان لەدرەنگانێکی شەودا گۆشتفرۆشەکان بەسەردەکەنەوە.
وتیشی؛ بێجگە لەزیانەکانی تەندروستی، فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر بەفێڵی بازرگانی ئەژماردەکرێت یاسا سزای بۆ ئەنجامدەرانی داناوە و لەکاتی دەست بەسەداگرتن لە دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەستبەجێ دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.