به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌م ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاگه‌یاند كه هه‌ڵسابوو به شكانی كێلی گۆڕ و سوتاندنی قورئانی هه‌ردوو گۆڕستانی شێخ ئه‌حمه‌د و سه‌ید عومه‌ر.
ئاسایشی هه‌ولێر له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه: دوای ڕوودانی شکاندنی ژمارەیەک کێلی گۆڕ و سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و گۆڕستانی سەید عومەر لە شاری هەولێر، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوه‌ی ورد کرد.
بڵاویشی كرده‌وه: پاش کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست، تیمەکانمان توانییان کەسی تۆمەتبار بەناوی (ح. ص. م. ط) لەدایکبووی ساڵی 1986 و دانیشتووی گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر دەستنیشان بکەن.
ئاماژه‌شی دا كه ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمه‌تبار دەستگیر کرا و دانی ناوه به ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ی كه له‌سه‌ری ده‌ستگیر کراوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.