پۆلیسی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ئه‌مڕۆ دووشه‌م قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی له گوندێكی باشووری پارێزگاكه ڕاگه‌یاند به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانێك له‌نێوان دوو خێزانی گونده‌كه كه كوژراو و برینداری لێ كه‌وتۆته‌وه.
ڕووداوه‌كه پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له گوندی ئه‌لبو نه‌سیف سه‌ر به شارۆچكه‌ی دوجێل له سنووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ڕوویداوه و دوو بنه‌ماڵه‌ی گونده‌كه كه ئامۆزا و خزمی یه‌كن به چه‌كی سووك و قورس ڕووبه‌رووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه.
له ڕووداوه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شاره‌دێی سجله و ئه‌ندامێكی حه‌شدی شه‌عبی و هاووڵاتییه‌كی گونده‌كه كوژراون، هه‌روه‌ها دوو هاووڵاتی تریش بریندار بوون.
هه‌ر دوای دروستبوونی شه‌ڕه‌كه، هێزێكی زۆری ئه‌منی و پۆلیس گه‌یشتوونه‌ته شوێنی ڕووداوه‌كه و بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕه‌كه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له ته‌واوی گونده‌كه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ڕاگه‌یه‌نراوه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی شه‌ڕكه‌ر ئامۆزای یه‌كترن و به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به چه‌ك و تفاق ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه.
لای خۆیه‌وه پۆلیسی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین جه‌ختی كرده‌وه كه له ڕووداوه‌كه‌دا 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه كه یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ره به پله‌ی عه‌قید و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شاره‌دێی سجله‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی حه‌شدی شه‌عبی و هاووڵاتییه‌ك، هه‌روه‌ها دوو هاووڵاتی تریش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.