Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 16:44

هێمن میرانی: هه‌ر كه‌سێك چه‌كی بێ مۆڵه‌تی له‌ده‌ست بگیرێت له‌ ساڵێك تا 3 ساڵ به‌ند ده‌كرێت

کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دواى نزیکەى ساڵێک مۆڵەتدان بە هاووڵاتییان تاکو چەکە نایاساییەکانیان لاى حکوومەت تۆمار بکەن، بڕیاريداوە لە 21ـی تەممووزی 2023 ڕێکاری یاساییی نوێ لەگەڵ ئەو سەرپێچیکه‌رانە بگرێتە بەر کە چەکی بێ مۆڵەتیان پێوە دەگیرێت.

هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕایگه‌یاند: 21ی تەممووزی 2023 وەکو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دانراوە، پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیەنرابوون و بڵاو کرابوونەوە، تاکو هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن، ساڵێک بەس بوو بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریی خەڵک تاکو چەکەکانیان لاى حکوومەت تۆمار بکەن، ئەوەى مەبەستی بووبێت چەکەکەى تۆمار بکات، کردوویەتی.

ڕاشیگه‌یاند: ئەو چەند مانگەى ماوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە 21ى تەممووز بارودۆخەکە لە ڕووی یاساییەوە دەگۆڕێت، هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەتی پێوە بگیرێت، بەپێی ماددەى 15 لە یاساى ژمارە 2ى ساڵی 2022، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت؛ لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاکو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت.

لەبارەى بەردەوامیی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژیی چەکداری، میرانی گوتی: تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، لە پاڵ ئەوەش مەفرەزەى جۆراوجۆر و پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەى زانیارییان پێ دەگات، دەتوانن دەستبەکار بن و دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا بگرن، هەروەها ئەوانە دەستگیر بکەن کە تەقە دەکەن و مامەڵەى یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.

لەبارەى هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییانیش لەوبارەیەوە دەڵێت: پێویستە هاووڵاتییان ئەو هەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندیی گشتی تێدایە، بە هی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەهێنان و پەنانەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکو پێویستە پەنا بۆ یاسا و گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەى پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت؛ چونکە ڕێگەى توندوتیژانە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەریشی قورستر دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتە بەر، تاکو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەهێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەى ڕابردوودا، بە قۆناغ هەموو هاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو هەڵمەتەدا ئاگەدار کردووتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.