Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:34

داخستنی ڕێگه‌ی بارهه‌ڵگره‌كان له‌ سماقووڵی و بالیسان چۆن چاره‌سه‌ر كرا؟

کوردستان TV
100%

پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای كرد كه‌ كێشه‌ی داخستنی ڕێگه‌ی سماقووڵی و بالیسانیان به‌ڕووی بارهه‌ڵگره‌كان چاره‌سه‌ر كرا و لە بەیانییەوە هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لە ڕێگه‌ی كەركووكەوە دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت چارەسەرکردنی داخستنی ڕێگه‌ی هەولێر - کۆیە - سماقووڵی و بالیسان و خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی ئەو سنوورە و ڕێگەنەدان بە هاتووچۆی بارهەڵگران ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ درا:-

یەکەم/ لە سبەی چوارشه‌مه‌وه‌ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بە ڕێگه‌ی سەرەکی کەرکووک هەولێر دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕێگاوبانی هەولێر ڕاسپێردرا ئامادەکار تەواو بکات تاکو لە زووترین کاتدا هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی هەن چارەسەر بکرێت.

دووەم/ سەبارەت بە داوا و داخوازی خۆپیشاندەرانی سنوورەکە لە بارەی ڕێگه‌وبانەکانی (کۆیە، سماقووڵی، بالیسان، سکتان) لە ئێستادا چوار پڕۆژەی گرینگ لەم شوێنانە لە جێبەجێکردندان، کە ئەوانیش:-

1- تەواوکردنی پڕۆژەی شەقامی فیدراڵ، ئەو پڕۆژەیە دەستی پێ کراوە، بەڵام لەم ماوەیە بە هۆی هەندێک گرفتی بوودجە، کارەکانی وەستاوە و لەم نزیکانە چارەسەر دەکرێت و بەڵێندەر دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.

2- ڕێگای سکتان لە 40٪ کارەکانی تەواو بووە ئەویش چاککردنەوەی ڕێگه‌کەیە و لەو چەند ڕۆژە دەست بە کارەکانی دەکرێتەوە.

3- ڕێگای سماقووڵی، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لۆدێکی زۆری لەسەر بوو، بەو هۆیەوە بەڵێندەر نەیتوانیوە کارەکانی بکات، بەڵام لەمەودوا ئەو هۆکارانەش نامێنێت و لە زووترین کاتدا بەڵێندەر دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.

4- ڕێگای بالیسان، ئەویش گرفتی بودجەی هەبوو و لەم چەند ڕۆژەدا هەوڵ دەدرێت چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت و دەست بە کارەکان بکرێتەوە.

ئومێد خۆشناو داواشی لە هاووڵاتییانی سنوورەكه‌ كرد هەروەک چۆن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکان گوێیان لە داواکاری ئەوان گرت و داخوازی ئەوان جێبەجێ دەبێت، ئەوانیش گوێ بگرن و بڕیارەکان جێ بەجێ بکەن و ئەو بارهەڵگرانەی کە ماوەی چەند ڕۆژە ڕێگەیان نادرێت تێپەڕن، ڕێگایان بۆ بکرێتەوە و تێپەڕن، با چیتر زەحمەتی نەبینن و لەو ڕێگایانە نەمێنەوە، هەروەها هەموو ئەو بەربەستانەش هەڵبگیرێت کە دروستیان کردووە و خەڵکیش کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن و بچنەوە سەر کار کەسابەتی خۆیان.

پارێزگاری هەولێر جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ سەرجەم داواکارییەکانی خەڵکی ئەو سنوورە داواکاری ڕەوان و بەدڵنییایەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی بودجەی بەردەست داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات، هەروەها لەپێناو فراوانترکردنی جوولەی بازرگانی هەولێر لەگەڵ شارەکانی تری کوردستان و عێراق هەوڵی دەدەن لە هەموو ئاستەکان کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.