رۆژی 2ی ئایاری 2023 كۆمیسیونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی (USCIRF) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە مافی ئازادی ئایینی لە جیهان بڵاوكردەوە. ڕاپۆرتەكە هەڵسەنگاندنێكی سەرتاسەری بۆ دۆخی پێكهاتە ئایینیەكان لە هەرێمی كوردستان كردووە و تیشكی خستۆتە سەر چەند بابەتێك لەوانە جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنە شنگال، نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، سیستمی كۆتای نوێنەرایەتی پێكهاتەكان، كێشەی زەوی و زاری كریستیانەكان و تێكدانی شوێنەواری ئایینی پێكهاتەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان.
نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم لە بارەی ئەو تەوەرانەی كە لە راپۆرتی كۆمیسۆنی ناوبراو ئاماژەیان پێكراوە بەدواداچوونی خۆی بڵاوكردەوە:
راپۆرتی ساڵانەی كۆمیسیونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی بە هەند وەردەگرین، بەڵام حەق وابوو كۆمیسیۆنی نابراو ئاماژەی بەوە كردبا كە ئەوەی لە توانای هەرێم دایە كردوویەتی. دەزانین كەمە بەڵام كەستان هاوكاری و یارمەتی ئێمەتان نەداوە. فەرموون مادام ناڕازین و هەست بە كەمتەرخەمی دەكەن، هاوكاری پێشكەش بكەن با ئێمەش سوپاستان بكەین.
سەبارەت بە رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كردووە لە پاش هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ئەو ناوچانەی كە بەشی هەرە زۆریان لە پێكهاتە ئایینیەكان بوون و هەرێمیان بە نەوایەكی ئارام و نموونەیی زانیوە كە تیێدا بتوانن بە ئازادی ژیان بەسەر بەرن.
سەبارەت بە رەوشی شنگال رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی2020 بە سەرپەرشتی جنین بلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ رێككەوتننامەی شنگال واژوو كرا كە سێ تەوەری سەرەكی لەخۆ دەگرێت ئەوانیش: ئەمنی، كارگێڕی و ئاوەدانكردنەوە.
بەپێی رێككەوتننامەكە ئیدارەیەكی نوێ دیاری دەكرێت، تەنھا پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی قەزاكە لە ئەستۆ دەگرن و ھەموو گرووپە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنووری سنجار دوور دەخرێنەوە. لەلایەكی دیكەوە دوو ھەزار كەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا دادەمەزرێن، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شنگال و ناوچەكانی دەورووبەریدا دوور دەخرێتەوە، هەروەها لیژنەیەكی ھاوبەش لە حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێك دەهێنرێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و وردەكارییەكانی ئەركەكەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری دەكرێت.
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، چەندین جار حكومەتی هەرێم داوای كردووە كە پێویستە ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی شنگال لە ململانێ سیاسییەكان دوور بخرێتەوە. هەروەها ئەو هێزە چەكداریانەی كە لە خەڵكی ناوچەكە پێكنەهاتوون دەسەڵاتیان نەمێنێت و دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی سیمای عەسكەرتاری لە ناوچەكە بنبڕ بكرێت، ئەمەش بە گەڕانەوەی دام ودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكانی شەنگال دەبێت بۆ دەست پێكردنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان كارەكانیان لە هەمان كاتدا خزمەتگوزاری پێویست بۆ خەڵكی ئەو شارە و دەورووبەری دابین بكرێت، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەكانی شنگال بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەكی ئەمنی و ئیداری و كۆسپێكی گەورەی درووستكردووە لەبەردەم ئاوەدان كردنەوەی شارەكە و گەڕانەوەی خەڵكەكەی ئەمەش نیگەرانییەكی زۆری هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و كاریگەرییەكی زۆری بەسەر هاووڵاتییانی شنگال هەیە لە هەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ نەگەڕانەوەی زۆربەی ئێزیدییەكان بۆ سەر زێدی خۆیان.
سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام تا ئێستا رێككەوتننامەكە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە لەلایەن حكومەتی فیدرالەوە ئەمەش وایكردووە كە جموجۆڵی تیرۆریستان و شانە نووستووەكانیان لەو ناوچەیەدا زیاتر بێت و سەدان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
لە ساڵانی رابردوو و تا ئێستاش ئاوارە و پەنابەران بارگرانییەكی زۆریان لەسەر حكومەتی هەرێم درووستكردووە، چونكە نزیكەی (70%)ی پێداویستیەكانیان دابین دەكات لە كاتێكدا ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە خێرخوازییەكان (25%) و وڵاتانی كۆمەك بەخش تەنیا (5%) پێداویستیەكانی تریان دابین دەكەن، سەرەڕای ئەمەش حكومەتی هەرێم سیاسەتی گەڕانەوەی ئازادانەی ئاوارەكان پەیڕەو دەكات و یارمەتیدەرە بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام هۆكاری نەگەڕانەوەیان بۆ نەبوونی سەقامگیری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و بوونی مەترسی ئەمنی دەگەڕێتەوە، لەلایەكی دیكەوە بوونی گرووپی چەكداری بیانی لە شنگال وایكردووە كە زۆر جار ئەم ناوچەیە رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانی وڵاتانی هەرێمی ببێتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2022 تا مانگی شوباتی ئەم ساڵ (558) ئاوارە و پەنابەران گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان لە بەرامبەردا بە (650) یان دووبارە گەڕاونەتەوە نێو كەمپەكان.
سیستمی كۆتای پێكهاتەكان یەكێكە لەو بابەتانەی كە لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە، ئاشكرایە كە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بەشدارییەكی كارایان لە ژیانی سیاسیدا هەیە، لە ساڵی 2005 ژمارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان زیادكرا بۆ (11) كورسی بەم شێوەیە: ( 5) كورسی بۆ توركمان و (5) كورسی بۆ كلدان، ئاشوری و سریان و (1) كورسیش بۆ پێكهاتەی ئەرمەن، پێكهاتەكان ئازادن لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیان ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی حكومەتی هەرێمە بە گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، هەروەها پێكهاتەكان ئازادن لە دیاری كردنی شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرانیان، لەلایەكی دیكەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیرێك لە پێكهاتەی كریستیان، هەروەها وەزیرێك بۆ كاروباری پێكهاتەكانە و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی توركمانە.
لە بواری كەلتووری و پەروەردەدا حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری بە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان داوە، ژمارەیەك لە قوتابخانەكان بە زمانی پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان لە هەرێم كراونەتەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانیان بۆ نموونە (49) قوتابخانەی بە زمانی سریانی لە هەرێم هەن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی سریانیش لە وەزارەتی پەروەردە هەیە.
بەڵام بە هۆی تێچووی شەڕی داعش، حەواندنەوەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدرالەوە لە ساڵی 2014 ەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی ئابووری بۆوە و بودجەی پێویستی نەبووە كە لەو بوارەدا هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێت ئەمەش وایكرد كە نەتوانێت ئەو بەرنامەی كە لە بەردەستی دایە لەو بارەدا پەرەی زیاتری پێ بدرێت.
سەبارەت بە كێشەی زەوی و زاری كریستیانەكان بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 4714 لە رێكەوتی 27/3/2022 لیژنەی چارەسەری كێشەی زەوی و زاری كریستیانەكان بەرفراوانتر كرا بۆ ئەوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەری گرفتەكان چڕتر بكرێن، لە هەمان كاتیشدا كەناڵێكی راستەوخۆ لە نێوان هەرێم و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەكان هەبێت سەبارەت بەم بابەتە و راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئیشی جددی لەسەر بكرێت تاوەكو هەرێم هەمیشە نموونەیەكی سەركەوتوو بێت لە پاراستن و بەیەكەوە ژیانی پێكهاتەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.