Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 21:31

خەیری بوزانی: هەندێك هێزی ناشەرعی بوونەتە هۆكاری سەرەكی تێكدانی بارودۆخی شنگال 

کوردستان TV
100%

خەیری بوزانی، راوێژكاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، رایگەیاند كە هەندێك هێزی ناشەرعی بوونەتە رێگر لەبەردەم ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال.
راوێژكاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لەبارەی هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی شنگال لە لێدوانێكیدا گوتی: رێككەوتننامەی شنگال لە ساڵی 2020 لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق واژووكراوە، ئەم رێككەوتنە كۆمەڵێك خاڵی تیادایە، بەڵام بەداخەوە هیچكام لەو خاڵانە جێبەجێ نەكراوە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە كە ناوچەكە ناوچەیەكی سەربازییە و بۆ ئەوە ناشێت كە خێزانەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە شنگال، بەهۆی بوونی ئەو هێزە سەربازییانەش، حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانن وەكو پێویست خزمەتگوزارییەكان بگەیەنن.
گوتیشی: ئەو هێزە سەرەكییانەی كە لە ناوچەكەن، جگە لە پۆلیسی فیدراڵیی عێراقی، هەندێك هێزی ناشەرعی لەوێ هەن كە سەرەكیترینیان چەكدارانی پەكەكەن، هەموومان دەزانین كە پەكەكە لە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی جیهاندایە، جگە لەوەش هەندێك هێزی دیكەی عێراقیش هەن كە پێیاندەڵێن حەشدی شەعبی، هەرچەندە حەشدی شەعبی دەستەیەكی فەرمییە لە عێراق، بەڵام هەندێك گرووپ لەناو حەشدی شەعبی، بە فەرمانی سەرۆكی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق كار ناكەن و فەرمانەكان جێبەجێ ناكەن، هەر گرووپێكی چەكداریش فەرمانەكانی سەرووی خۆی جێبەجێ نەكات، ئەوا بە میلیشیا ناو دەبرێت، بۆیە میلیشیا و پەكەكە هۆكاری سەرەكی تێكدانی بارودۆخی شنگالن و بە هەبوونی ئەوان باوەڕناكەم ناوچەكە ئارام بێت و هیچ خاڵێكی رێككەوتننامەكەش جێبەجێ ناكرێت و شنگال ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، ئێمە دیراسەی دۆخەكەمان كردووە، گەیشتووینەتە ئەوەی كە تا ئەو هێزانە لەوێ بن ئەوا یاسا سەروەرنابێت و ناوچەكەش سەقامگیر نابێت.
بەگوتەی راوێژكاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەوەی یوئێن چاودێری رێككەوتننامەكەی كردووە، پێویستیشە بەرپرسیارییەتی لەم بارەیەوە هەڵبگرێت و هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە سەدا 95ی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق.
خەیری بوزانی گوتیشی: رێككەوتننامەكە لەنێوان هەولێر و بەغدا بووە، بەڵام یوئێن وەكو لایەنی سێیەم سەرپەرشتی پڕۆسەكەی كردووە، هەروەها سەیری خاڵەكانی ئەو رێككەوتنامەیە بكەین، ئەوا دەبینین سەدا 95ی جێبەجێكردنی خاڵەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی عێراق، كەواتا دەبێت یەكەمجار جووڵە لە حكوومەتی عێراق دەست پێ بكات، ئینجا یوئێن كە چاودێر بووە لە رێكخستن و واژووكردنی گرێبەسەتەكە، بۆیە دەبێت ئەوان هەڵوێستیان هەبێت، بە پێچەوانەوە خەڵك ئەو دەسەڵاتەی نییە كە رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.