Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 12:09

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%


نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/5/3  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  گویدۆ کرۆسێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتالیا کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاليا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ڕۆما، دۆخى سياسيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ڕۆڵى ئيتاليا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، تاوتوێ كران.

 نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ڕۆڵ و پشتگيريى سه‌ربازيى ئيتاليا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا دووپات كرده‌وه‌ و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان بە په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئيتاليا ده‌ربڕى، به‌تايبه‌تيش فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منيدا. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هێزه‌كانى ئيتالياى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ مه‌شق و ڕاهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا وێڕاى ده‌ربڕينى به‌رده‌واميى پشتگيريى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێزانينى ئيتاليا بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعشدا، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى به‌ گرنگ بۆ ناوچه‌كه‌ و جيهان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا باڵيۆزى ئيتاليا له‌ عێراق، كونسولى گشتى و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.