ئەمڕۆ پێنجشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی ئەڵمانیای کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا کردووە، هیوای سەرکەوتنيشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیرکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانە و کونسولخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لەم مانگەدا شاندێکی گەورەی بازرگانان و خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.