Erbil 38°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 15:18

ئه‌مڕۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كرد

کوردستان TV
100%

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی ده‌رگه‌ی ناوه‌نده‌كانی هه‌ڵبژاردنی توركیا بۆ دیاریكردنی سه‌رۆك كۆمار و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرانه‌وه‌ و هاووڵاتییان (ئه‌وانه‌ی مافی به‌شداربوونیان هه‌یه)‌ چوونه‌ سه‌ر سندووقه‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش نزیكه‌ی 4 هه‌زار هاووڵاتی تورك له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شداری پڕۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

مه‌مه‌د مه‌ولوود یاقوود سه‌ركونسوڵی توركیا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ شاری هه‌ولێر له‌ كاتژمێر 9ی سه‌رله‌به‌یانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانی توركیا ده‌ستی پێ كردووه‌ و بۆ ماوه‌ی 3 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ڕاشیگه‌یاند: پڕۆسه‌كه‌ سبه‌ی و دووسبه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت و هاووڵاتییانی توركیا ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن ده‌توانن له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژه‌دا بێنه‌ سه‌ر سندووقه‌كان و ده‌نگ بده‌ن. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ پڕۆسه‌كه‌ دووسبه‌ی كاتژمێر 9ی شه‌و كۆتایی دێت.

مه‌مه‌د مه‌ولوود یاقوود داوای له‌ هاووڵاتییان كرد ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستانن، بێن به‌شداری له‌و پڕۆسه‌ دیموكراسییه‌ بكه‌ن و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانی توركیا بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆسه‌كه به‌شدار ده‌بن،‌ سه‌ركونسوڵی توركیا گوتی: له‌ هه‌رێمی كوردستان 3 هه‌زار و 834 هاووڵاتی تورك مافی به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ دروست نه‌بووه‌ و پڕۆسه‌كه‌ زۆر به‌باشی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ جگه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، هاووڵاتییان ده‌توانن له‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌نگ بده‌ن و له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانی توركیا به‌شدار بن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.