Erbil 38°C سێشەممە 07 کانوونی دووەم 15:17

گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌ڵمانیا ڕاگیران

کوردستان TV
100%

له‌ هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ گه‌شتی ئاسمانییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌ڵمانیا ڕاگیراون، كێشه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ هێڵی ئاسمانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری دروستبوونی گرفت‌ بۆ ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ده‌یانه‌وێ ڕاسته‌وخۆ گه‌شتی ئه‌وروپا بكه‌ن.

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی و توندوتۆڵی فڕۆكه‌كانی، هێڵی ئاسمانی عێراق كێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی فڕۆكه‌وانی بۆ ئه‌وروپا هه‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ فڕۆكه‌ تایبه‌ته‌ عێراقییه‌كان بۆ فڕین به‌سه‌ر ئه‌وروپا حجزیان له‌سه‌ر دانراوه‌.

بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا هێڵی ئاسمانی عێراقی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی چیكی كردبووه‌ و گه‌شته‌كانی به‌ فڕۆكه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ده‌دان.

خالید عه‌لی په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) له‌ ئه‌ڵمانیا پێی ڕاگه‌یاندین: ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی هێڵی ئاسمانی عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیا چیكییه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ هاووڵاتییه‌كی زۆری هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق نه‌یانتوانیوه‌ گه‌شتی ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجام بده‌ن.

راشیگه‌یاند: دوای ته‌واوبوونی گرێبه‌ستی كۆمپانیا ئاسمانییه‌ چیكییه‌كه‌، حكوومه‌تی عێراق تا ئێستا هه‌وڵی كرده‌یی بۆ گرێبه‌ستی نوێ له‌گه‌ڵ هیچ كۆمپانیایه‌كی تر نه‌ناوه‌، بۆیه‌ گرفت بۆ گه‌شتی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق و ئه‌ڵمانیا دروستبووه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئێستا سه‌رجه‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ ڕاسته‌وخۆكان له‌نێوان فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌رلین، فڕانكفۆرت، دۆسڵدۆرف و ئه‌وانی تریش بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا ڕاگیراون.

په‌یامنێرمان جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ هیچ گه‌شتێكی ئه‌ڵمانیا بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ئه‌نجام نه‌دراوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ بلیتی سه‌دان گه‌شتیاری كورد له‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كه‌، حه‌مید مه‌جید كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیای (ئارینه‌ تراڤڵ)ـه‌ بۆ كوردستان تیڤی گوتی: ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ هێڵی ئاسمانی عێراقی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی چیكی به‌كرێ گرتووه‌ و گه‌شته‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپای به‌م فڕۆكانه‌ ئه‌نجام ده‌دا، به‌ڵام له‌ ئێستادا ماوه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گه‌شته‌كان ڕاگیراون.

گوتیشی: هاووڵاتییه‌كی زۆری كورد له‌ هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا‌ گه‌شته‌كانیان بۆ هه‌ولێر و هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ش بۆته‌ گرفت و كێشه‌ی زۆری دروستكردووه‌.

داواشی كرد به‌رپرسانی هێڵی ئاسمانی عێراق به‌ زووترین كات گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا چیكییه‌كه‌ نوێ بكه‌نه‌وه‌ یاخود هه‌ر گرێبه‌ستێكی تر ئه‌نجام بده‌ن تا گه‌شته‌ ڕاسته‌وخۆكان بۆ ئه‌وروپا ده‌ست پێ بكاته‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.