دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا دەستی بەسەر کۆگەیەکی حەبی هۆشبەردا گرتووە کە زیاتر لە 12 ملیۆن حەبی هۆشبەری تێدا بووە.
ئەرشەد حاکم گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند: هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەغدا ئەنجام دا و توانیان باندێکی شەش کەسی دەستگیر بکەن.
ڕاشیگەیاند: لەگەڵ دەستگیرکردنی باندەکە دەستبەسەر کۆگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گیرا کە زیاتر لە 12 ملیۆن حەبی هۆشبەری تێدا بووە، کە دەکاتە نزیکەی 2 تۆن و نیو.
ئەرشەد حاکم ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای زانیاریی و هەوڵەکانی هەواڵگری بووە کە لە ئەنجامدا یەکێک لە گرنگترین تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکانی هەڵوەشاندەوە.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو حەبانەی دەستیانبەسەردا گیراوە لە جۆری (بێنزۆکسۆل) بوون، کە دەرمانێکی پزیشکییە و بۆ چارەسەری نەخۆشییە دەمارییەکان بەکاردێت، بەڵام دەرکەوتووە کە ئەو حەبانەی دەستیانبەسەردا گیراوە حەبەکان بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.