Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 09:32

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوی هێرشکردنەسەر مزگەوتەکەی شنگال دەدات

کوردستان TV
100%

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوی هێرشکردنەسەر مزگەوتەکەی شنگال دەدات و دەڵێت، دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی هەندێک هێرش کە لەم دواییانەدا لە چەند ماڵپەڕی دیاریکراو و سنووردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دژی پێکهاتەی ئێزیدی ئەنجام درا، لە هەینی ڕابردوو چەند مامۆستایەکی ئاینی کە ڕێژەیان لە چوار بۆ پێنج کەس تێپەڕی نەدەکرد ڕونوکردنەوەیان دابوو لەسەر بابەتەکە،  بەڵام لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا بەرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزدییەکان هەیە.

ڕاشیگەیاند: لە ئیدانەی ئەو کارەدا، حکومەت ڕایدەگەیەنێت کە لە هەرێمی کوردستان 6500 مزگەوت و بڵندگۆی ئایینی بوونیان هەیە، لەکۆی ئەو ژمارەیە تەنها چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشکردنە سەر مزگەوتی موسڵمانانیان کردووە لە شنگال و ئەو مامۆستا بەڕێزانەش دواتر لەگەڵ مامۆستا ئێزدییەکاندا دانیشتوون و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوووسیدا دووپاتیان کردەوە کە ئەوان مەبەستیان بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕق نەبووە و تەنیا ئاماژەیان بەوە داوە کە چەند گەنجێکی ئێزدی لەڕێگەی بەکارهێنانی بەردهاوێشتنەوە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێک لە شنگال و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو ئێزدییەکان تاوانبار بکرێن، بەڵکوو وەک ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێویستە ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە بگیرێت و ڕێگەش لەو دەستە دەرەکییە بگیرێت کە دەیەوێت پێکەوەژیانی پێکهاتەکان تێکبدات لە هەرێمی کوردستان.

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و ڕقاوی دەکات کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵدەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدییەکان.

هەروەها باسی لەوە کردووە کە "قسەی هەندێک کەسی نابەرپرس گوزارشت لە ڕای گشتیی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان ناکات و لە پێشوودا سزای ئەو کەسانە دراون کە گوتاری تووندیان لە دژی پێکهاتەی دیاریکراودا داوە تەنانەت مامۆستای ئایینیش سزادراون لەسەر ئەم بابەتە."

هاوکات ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی دەکاتەوە سەرەڕای بوونی بارگرانی دارایى و هەبوونی دەستی دەرەکی بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردوستان، حکوومەت بەردەوامە لە پەرەپێدانی مافەکانی ئێزدییەکان و شانازییەکی هەرە درەوشاوەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازە ئایینى و ئیتنییەکان.

دەشڵێت، لەسەرانسەری هەرێمی کوردوستان، ژمارەیەکی زۆر کەم لە پۆستی سۆشیاڵ میدیا هەبووە لە سەر ئەم بابەتە کە لە چوار بۆ پێنج کەس تێناپەڕێت، کەچی زۆر گەورە کراوە، گوتاری ڕق لە کوردستان بوونی نییە، مامۆستا هەبووە سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی لە مزگەوت لادراوە، چونکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان گوتاری ڕقئامێزی هەبووە بەرانبەر بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو و دراوەتە دادگا و ڤیدیۆی پەشیمانبوونیشی بڵاو کردووەتەوە، بە هەزاران مامۆستای ئایینی بە دیاریکراوی و بە کرداری هێرشی سەر مزگەوتەکەی شنگالیان سەرکۆنە کردووە، بەڵام گوتوویانە کە ئەمە لەسەر برا ئێزدییەکان هەژمار ناکرێت، هەروەک چۆن ڕەفتاری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەسەر ئایینی ئیسلام هەژمار ناکرێت.

جەختی کردۆتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پتەوکردنی پاراستنی خوشک و برا ئێزیدییەکان، ئەوانەی لە هەرێم نیشتەجێن و ئەوانەی کە لە پاش هێرشی تیرۆرستانەی داعش ئاوارەی هەرێم بوون، هاوکارییەکانیش بریتین لە دەستەبەرکردنی خواستەکانیان و لەم دواییەشدا ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆ کراوە. بە گشتی ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، چاودێری تەندروستی و پەروەردە بۆ ئاوارەکانیان لە هەرێمدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە جگە لەوەش حکوومەت پابەندبوونی چەسپاوی بۆ دۆزی کوردانی ئێزیدی نیشانداوە و هەوڵی داوە بۆ بنبڕکردنی هەر گوتارێکی تووند دژی پێکهاتەی ئێزدییەکان، حکوومەت لەڕێگەی هاوبەشە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییەکانیەوە هەوڵی داوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن وڵاتان و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەروەها بەمەبەستی داننان بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش حکوومەت دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزیدی بەڵگەدار کردووە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاگەیەنراوەکە ئامارێکیشی خستووەتەڕوو، تێیدا هاتووە کە تاوەکو ئێستا 5170 دۆسیە تۆمارکراوە کە زیاتر لە 2324 دۆسیە لە دادگەکاندا یەکلاکراونەتەوە، 2000 دۆسیەی دیکەیان هێشتا ماون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان و 2916 کەس وەک ونبوو تۆمارکراون، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە 2234 قوربانی کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەلایەکی ترەوە حکوومەتی هەوڵی داوە بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش، لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی عێراق (NCC) و دامودەزگاکانی هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیتاد) کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لەو تاوانانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە بەتایبەتی دژی پێکهاتەی ئێزیدی.

نووسینەگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە کە  حکوومەت، هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕفێندراوان و بوودجەیەکیشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە، تاوەکو ڕێکەوتی 22ـی 02ـی 2022، 3552 کەس ڕزگارکراون لەوانە 1207 کەسیان ئافرەتن، 339 کەسیان پیاون و 2719 کەسیان هێشتا بێسەروشوێنن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.