لە سەرەتای ساڵەوە تا مانگی پێنجی 2023، لە زیاتر لە 77 هەزار گوڵ و دار لە سەنتەری شاری هەولێر چێندراون و ڕۆژانەش 240 ئامێر و مەكینەی جۆراوجۆر كاری بڕینەوە و خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكان دەكەن.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر كە سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە، بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: لە 1/1/2023 تا 4/5/2023 لە سەنتەری شاری هەولێر 77 هەزار و 389 گوڵ و دار لە 48 شوێنی شاری هەولێر لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێرەوە چێندراون و ڕۆژانەش 240 ئامێر و مەكینەی جۆراوجۆر بەشداری لە هەڵمەتەكانی بڕینەوە و خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكانی شاری هەولێردا دەكەن.
بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەشڵێت: ڕۆژانە لە پارك و باخچە و دورگەناوەندی و ناوچە سەوزاییەكان نزیكەی 37 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و چارەسەر دەكرێت، لەم هەڵمەتەدا ئامێری گەورە و بچووك بەشداری تێیدا دەكەن، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە كرێكاری ژینگەپارێز.
لە شاری هەولێر، 194 باخچە و 22 پاركی گەورە و 22 پشتێنەی سەوزایی و 84 دورگەناوەندی و 177 دارستان و چەند نەمامگەیەكی شارەوانی و 116 نافوورە هەیە و بەردەوامیش كار لەسەر زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر دەكرێت.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.