ڕۆژی 4ی ئایاری 2023، ڕێكخراوی فریاكەوتنی میللی (پاو)، ڕێكخراوی هاریكاری گەلی نەرویجی و ڕێكخراوی لێكۆڵەر بۆ سەروەریی یاسا، كۆنفرانسێكیان بۆ برەودان بە مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە و باشتركردنی بارودۆخی ڕاگیراوان و نەهێشتنی ئەشكەنجەدان ساز كرد.
لەم كۆنفرانسەدا كە بە پاڵپشتیی یەكێتیی ئەورووپا بەڕێوە چوو، د. دیندار زێباری، رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم، نوێنەرانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی و پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی مافی مرۆڤ لە یۆنامی، دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم و عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتار و دادوەر و لایەنی پەیوندیدار ئامادە بوون.
لە كۆنفرانسەكەدا ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتەیەكی پێشكەش كردن و تێیدا تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لەو سێ تەوەرەی لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەكانی مرۆڤ، حكومەتی هەرێم گرنگی بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ دەدات بە شێوەیەكی گشتی، ئەوەشی خستە ڕوو كە لەم ساڵانەی دواییدا، حكومەتی هەرێم ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی زۆر بووەوە؛ سەرەڕای ئەمەش هەنگاوی جددی بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ ناوە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئەوەشی ڕوون كردەوە كە جگە لە دەركردنی یاسا و ڕێنمایی و ڕێساكان بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ئەنجوومەنی وەزیران پلانی هەرێمی كوردستانی بۆ مافەكانی مرۆڤ (2021-2025) پەسەند كرد، كە بە ڕاوێژ لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كونسوڵگەرییەكان داڕێژراوە و نەخشەڕێگایەكە بۆ پەرەپێدانی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و جێبەجێكردنی ئەو ڕاسپاردانەی كە لە ڕێگەی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر (UPR) و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خراونەتە ڕوو. لە كۆی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی ئاڕاستەی كراون، لەو بوارەدا بەشێكیان جێبەجێ كراون و بەشەكەی تریش ئێستا كار بۆ جێبەجێكردنیان دەكرێت.
سەبارەت بە سەربەخۆییی دادگاكانیش گوتی: پێشینەی كاری هێڵی گشتیی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بریتییە لە هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆییی دادگا، و پاراستنی دادگا لە دەستتێوەردان. دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە، هەروەها سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوە كە ژماریان چوار سەرۆكایەتییە و سەر بە ئەنجومەنی دادوەرین، سەربەخۆن لە بریارەكانیان.
دیندار زێباری لە بارەی مافی ڕاگیراوان گوتی: تاوانبار و تۆمەتباران بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان مافیان هەیە؛ دیارترینیان دابینكردنی پارێزەرە و لەم ڕووەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بڕی یەك ملیار و حەوتسەد ملیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ پارێزەران. هەر كەسێك دەستگیر دەكرێت، بەپێی بڕیاری دادوەر ڕەوانەی گرتن و گواستنەوە دەكرێت و ڕادەگیرێت. ڕێساكانی دەستبەسەركردن و زیندانەكان ژمارە (١) لە ساڵی 2008 كاریان پێ دەكرێت، كە تێیدا كۆمەڵێك ماف بۆ زیندانییەكان چەسپێنران؛ گرنگترینیان بریتین لە خوێندن، سەردان، چاودێریی تەندروستی، مۆڵەتی سەردانی ماڵەوە؛ هەفتانە كەسوكاریان سەردانیان دەكەن، بە هەمان شێوە لە ڕێگای مۆبایلەوە پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە دەكەن، هەروەها ئاژانسەكانی ( (UN، ڕێكخراوەكان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و لیژنەكانی پەرلەمان، سەردانی چاكسازییەكان دەكەن بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ سزادراوان.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەكان گوتی: داواكاری گشتی ئەركی لێكۆڵینەوەی لە ئەشكەنجەدان پێ سپێردراوە، لەگەڵ ئەو كارمەندانەی كە بەشدارن لە ئەنجامدانی ئەشكەنجەدان یان ئاسانكاری بۆ دەكەن، لەم ڕووەوە (10) حاڵەتی تۆمەتی ئەشكەنجەدان گواسترانەوە و ڕێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر، لەوانەش قەرەبووكردنەوەی چوار كەس كە بۆ ماوەیەكی زۆر ڕاگیرابوون، پێش ئەوەی ڕێكاری یاسایی لەگەڵیان دەست پێ بكات، و لە ساڵی 2021دا ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر چوار كارمەندی جێبەجێكردنی یاسا گیراوەتە بەر بە هۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لە مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانییەكان؛ سزاكانیش بریتی بوونە لە ئاگاداركردنەوە، بێبەشكردنیان لە دەرماڵە بۆ ماوەی سێ مانگ، و گواستنەوەیان بۆ شوێنەكانی تر.
لە كۆتاییی گوتەكەیدا، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتی، وێڕای ئەوەی كە پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم پێویستیی بە هاوكاریی هەمەلایەنە هەیە بۆ سەرخستنی پلانەكە، بۆ ئەوەی بتوانرێت پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكانی جێبەجێ بكات؛ بەتایبەتی تەوەرەكانی برەودان بە مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە، باشتركردنی بارودۆخی ڕاگیراوان و نەهێشتنی ئەشكەنجەدان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.