Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 20:06

هێمن هه‌ورامی: هەموو هەوڵێکمان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان خستووەته‌گه‌ڕ

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی یونامی جەختی کردەوە کە هەموو هەوڵێکیان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان خستووەته‌گه‌ڕ.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 07ـی 05ـی 2023 د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی له‌ ڕیكاردۆ ڕۆدریگێز، به‌رپرسی نووسینگه‌ی یونامی له‌ هه‌رێمی كوردستان و سیلڤی بلانشیه‌، به‌رپرسی هه‌ڵبژاردن له‌ نووسینگه‌ی یونامى له‌ به‌غدا و به‌رپرسی به‌شی سیاسیی له‌ نووسینگه‌ی یونامی له‌ هه‌ولێر كرد، ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: له‌ دیدارەكەدا، دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ڕه‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌وڵه‌ سیاسی و یاسایی و ته‌كنیكییه‌كانى پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە د. هێمن هه‌ورامی، به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد و جەختی کردەوە کە "هه‌ڵبژاردن مافێكی گشتیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و پێویستیشه‌ له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت".

د. هێمن هه‌ورامی ئاماژەی بەوەش دا کە "هه‌موو هه‌وڵێكمان خستووەته‌گه‌ڕ و له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌ و ده‌رفه‌تی زۆریش به‌ لایه‌نه‌كان دراوه‌ بۆئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتن بكرێت له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆن و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دید و تێڕوانینی جیاوازیان سه‌باره‌ت به‌شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌ ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه‌ هیوادارین هیچ بیانوویه‌ك نه‌بیته‌ هۆكار بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا".

هه‌ر له‌ کۆبوونەوەکە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای له‌ یونامی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كرد چاودێر و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.