کونسوڵی گشتیی هەنگاریا لە هەولێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەشدارە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژى داعش و بەردەوامیش دەبن لە پاراستنى خاک و خەڵکى کوردستان لە تیرۆر و تیرۆریستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 07ـی 05ـی 2023 عەبدوڵا حاجى مەحموود وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە دیوانى وەزارەت پێشوازى لە ئەتیلا تۆس کونسوڵى گشتىی هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد.
وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، ڕایگەیاند: عەبدوڵا حاجى مەحموود تیشکى خستەسەر شێوازەکانی جێبەجێکردنى خزمەتگوزارییەکان بۆ کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسیی و بەرکەوتوانى چەکى کیمیاوى و ڕزگاربووانى جینۆساید لە هەرێمى کوردستان، ڕوونی کردەوە کە بەدرێژایى مێژوو، گەلى کوردستان گەلێکى ئاشتیخوازى ناوچەکە بووە، ئەگەریش ناچار کرابێت بۆ هەڵگرتنى چەک، ئەوە تەنیا بۆ بەرگریکردن بووە لەپێناو پارێزگارى و پاراستنى زمان و کولتوورەکەى، کە ئەوەش مافێکى یاسایى و ئاسایی هەر گەل و نەتەوەیەکە بەپێى ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ئەتیلا تۆس خۆشحاڵى خۆی بە سەردانەکە دەبڕیوە بەپێویستى زانى کە وەزارەتەکە بەردەوام بێت بۆ ئەوەى کە ئەو کارەسات و جینۆسایدانەى بەسەر گەلى کورددا هاتوون فەرامۆش نەکرێت و هەموو ڕێگە و ڕێکارەکان بگرێتەبەر بۆ ئەوەى لە بیر و هزرى نەوەى ئێستا و داهاتوودا بمێنێتەوە و کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەیان.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش دراوە کە کونسوڵى هەنگاریا گوتی: بە خۆشحاڵییەوە وڵاتەکەمان بەشدارە لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتیی دژى داعش و بەردەوامیش دەبین لە پاراستنى خاک و خەڵکى کوردستان لە تیرۆر و تیرۆریستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.