بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی بكرێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم هەفتەیە دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی دەكرێتەوە، ئەمەش دوای ساڵێک لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگەی سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دێت.
هاوکات هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەمبارەیەوە گوتی: لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەم هەفتەیە بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێ تێیدا بزاڤی بازرگانی بەگەڕ بخرێت.
بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، دوێنێ یەكشەممە،07ـی 05ـی 2023، فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی چەند بەرپرسێکی سەربازی سەردانی دەروازەكەیان کرد و لەلایەن قایمقامی قەزای مێرگەسۆریشەوە، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لەو دەروازەیە هەڵدرا.
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروانمەزن، لە قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.