Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 05:49

وه‌زیری دارایی زانیاری له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئاشكرا ده‌كات

کوردستان TV
100%

وه‌زیری دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌م چه‌ند زانیارییه‌كی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا كرد.

ئه‌مرۆ دووشه‌م ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری له‌گه‌ڵ دکتۆر تۆرکیلد بیوگ بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری دارایی ڕێکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت و پشکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ مێوان ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند بنەمای ڕێکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی چەند خاڵێکیان بۆ ئیدارەدانی دۆسییەی نەوتی هەرێم چەسپاندووە.

ڕاشیگه‌یاند: لەم قۆناغەدا ئەولەوییه‌تی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی هەرێم و بەغدایە وەک خۆی و لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕێی عێراق و تورکیا ده‌كات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسی و تەکنیکییانەی لەبەردەم پرۆسەکەدا ماون.

ئاوات جەناب نووری گوتیشی: ڕاگرتنی نەوت کێشەی گەورەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست کردووە و هیوادارین حکوومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆیان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ببەنە سەر.

ئاماژەی بەوەش دا: وەزارەتی دارایی و کابینەی نۆیەم کاری جدییان هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بووە لە ڕێی گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری تا هەرێمی کوردستان تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا لەبواری ئاسایشی خۆراک هەنگاوی باش نراوە و بەدیجیتاڵکردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم دەستی پێ کردووە و دەرئەنجامی باشی بەدەست هێناوە و لەبواری ژێرخانی کارەباش لەم کابینەیە کاری جدی کراوه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.