Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 23:22

مەترسییە داراییەكانی سەر عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكران

کوردستان TV
100%

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە تیمی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییە داراییەكان و بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر. 
تیمەكە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و 15 دامەزراوەی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە و ئەركی ئەو تیمە جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتی هەرێمی كوردستانە كە هاوتەریبە لەگەڵ ڕاسپاردەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەكانی سپیكردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشككردنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی تیرۆر. 
وەزیری ناوخۆ سوپاسی تیمی هەرێمی كوردستانی كرد كە بە باشی كارەكان بەڕێوەدەبەن و باسی لە هەوڵەكانی حكومەت و دامەزراوە پەیوەنددارەكانی هەرێمی كوردستان كرد كە لە چوارچێوەی سیاسەتێكی ڕووندا چەندین ساڵە شەڕی تیرۆر و سەرچاوەكانی داهات و پارەداركردنی دەكەن و لە بوارەكانی نەهێشتنی دەرفەت بۆ سپیكردنەوەی پارەش هەنگاوی زۆر باش نراون.
 دەربارەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانیش بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، وەزیری ناوخۆ تیمی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە هەموو هەماهەنگییەك لە گەڵ تیمی فیدراڵی بكەن و ئەو ڕاسپاردانەی پێویستن لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن، لە دوای گونجاندنیان لەگەڵ تایبەتمەندی دامەزراوەكان، بە زووترین كات جێبەجێ بكرێن. 
هەروەها باسی لە پڕۆژە یاسای هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئینفازكردنی یاسای فیدراڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر كرد كە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسندكراوە و بۆ دەرچوواندنی ڕەوانەی پارلەمانی كوردستان كراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.