Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 20:18

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا - کوردستان دەکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا - کوردستان کرد و شاندەکە ئامادەیی خۆیان بۆ برەودان بە کار و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ سێشەممە 09ـی 05ـی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا - کوردستان کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دەیڤد تەفوری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و پێکهاتەی شاندەکە خستەڕوو. ئامادەیی خۆشیان بۆ برەودان بە کار و وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ. ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و باپەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە و داوا دەکات حکوومەتی فیدراڵیش مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە قووڵکردنەوە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئازادی ئایینی و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان دووپات کردەوە.

شاندەکە ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و پڕۆسەی ڤیزای ئەلیکترۆنیان کرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.