مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك – گەرمیان ،بەیاننامەیەكی سەبارەت بە ئامادەنەبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یۆنامی لەگەڵ حیزبە سیاسییەكانی شارەكە لە نێو باڵەخانەی پارێزگای كەركووك راگەیاند كەئەمە دەقەكەیەتی ..
بەیاننامەی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك - گەرمیان
لەبارەی ڕووداوەكانی 10ی ئایاری 2023ی باڵەخانەی پارێزگای كەركووك
لە كۆبوونەوەی 8ی ئایاری 2023 لەگەڵ شاندی ئۆفیسی كەركووكی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونامی) پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتنامەیەكی پێگەیشت بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان، بە سەرپەرشتیی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نووسینگەكەیدا لە باڵەخانەی پارێزگای كەركووك.
لە كاتی گەیشتنی شاندی ڕاسپێردراومان بە بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكەدا بۆ باڵەخانەی پارێزگا، دەركەوت ئەجیندایەكی پێشوەخت داڕێژراو هەیە بۆ ئەنجامدانی هەندێك ڕێكاری دوور لە پرۆتۆكۆڵە پەسەندكراوەكانی ڕێكخستنی چوونە ژوورەوەی شاندەكان بۆ كۆبوونەوەكانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و نێردەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە تایبەتی كە ئامادەبوونی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە باڵەخانەی پارێزگادا لەسەر بانگهێشتی فەرمیی (یونامی) بوو و، هیچ لایەنێكی ناوخۆیی پەیوەندی بەو بانگهێشتە یان كۆبوونەوەیەوە نییە كە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێكی خستبوو. بۆیە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا ڕێگە بە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە ئەجێندا و سیاسەتە ناشیرینانە نەدات و ئامادە نەبوو لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادە بێت.
لەم چوارچێوەیەدا تەنیا گرنگیی كاركردنی نوێنەرایەتییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییە جیاجیاكان بۆ ڕێگریكردن لە هەر هەوڵێك بۆ ئەوەی بیانكەنە بەشێك لە سیاسەتەكانی سووكایەتیكردن و پەراوێزخستن كە پارێزگاری بەزۆر بە سەر هاووڵاتییانی كەركووكدا سەپێنراو پەیڕەویان دەكات بە سوودوەرگرتن لە بوونی ئۆفیسی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ناو باڵەخانەی پارێزگاكەدا، بە ڕوونی بخەینە ڕوو و داوا لە نوێنەرایەتیی یونامی بكەین خۆی لەم جۆرە كارە نادروستانە دوور بخاتەوە كە بە سوودوەرگرتن لە چەتری نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوە دەبرێن.
شاندە بەڕێزەكەمان بە پرۆفیشناڵییەكی بەرزەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو ڕێكار و پلانە پێشوەخت ئامادەكراوانە بووەوە و، هەروەها هەڵوێستێكی شەرەفمەندانەی هەبوو كە شكۆی گەلی كوردستانی لە كەركووك پاراست و مافی هەموو لایەنە سیاسییەكانی خاوەن نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای شەرعیەتی هەڵبژاردن و دیموكراسی لە ئەنجامدانی ئازادانە و شەرەفمەندانە و سەربەرزانەی چالاكییەكانیان سەلماند.
ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بە هیچ شێوەیەك خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەوڵە چڕەكانی بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە نائاساییانە لە كەركووك ڕاناگرێت.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان، سڵاو لە هاووڵاتییانمان لە كەركووك و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
دكتۆر كەمال كەركووكی
بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای كەركووك - گەرمیان
10ی ئایاری 2023
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.