Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 13:40

پڕۆسەی هێڵکاریی شەقامەکان زۆرترین هەلی کاری بۆ هاووڵاتیان ڕەخساندووە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاری داوە سەرجەم شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە هێڵکارییان بۆ بکرێتەوە و یەکەمجاریشە لەلایەن کارمەندانی ناوخۆییەوە دەکرێت و زۆرترین هەلی کاری ڕەخساندووە.

چەند مانگێکە تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆسەی هێڵکاریی شەقامەکانی ناوەوەی شاریان دەست پێ کردووە و بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت: تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبن.

ئەو ئامێرانەشی کە بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنرێن، لەلایەن حکوومەتەوە دابین کراون و لەگەڵیشیدا چەندین هەلی کاری بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.

دیلان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆ ڕایگەیاند: ئەو پارەیەی ئێستا لە پڕۆسەکە خەرج دەکرێت، نیوەی ئەو تێچووەیە کە پێشتر بە کۆمپانیا دەرەکییەکان دەدرا و پرۆسەکەیان بەڕێوە دەبرد، دوای دابینکردنی ئامێر و ماددەی خامی بۆیەکردن، ئێستا پڕۆسەکە بە کوالیتییەکی باشتر و بە تێچووی کەمتر لەلایەن کارمەندانی ناوخۆییەوە بەڕێوە دەچێت.

لەبارەی کوالێتیی بۆیاغەکەوە، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر ڕاشیگەیاند: ئەو بۆیاغەی ئێستا بەکاری دەهێنن، سەرچاوەکەی دیارە و ئەو ماددانەشی کە لەگەڵی تێکەڵکراون، لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەگونجێن و زۆتریش دەمێنێتەوە.

پڕۆسەی هێڵکاریکردنەوەی شەقامەکان، تەنیا بۆ ناوەوەی شارەکان نابێت و لەمبارەیەوە دیلا عەبدوڵا گوتی: بڕیارە شەقامەکانی دەرەوەی شاریش بگرێتەوە، ئەو پڕۆسەیە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدرێت هێڵکاری بۆ زۆرینەی شەقامەکان بکرێت.

سەبارەت بە زوو کاڵبوونەوەی هێڵکاریی شەقامەکان، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە خراپی کوالێتیی تایەی ئۆتۆمبێلەکان و کەشوهەوای ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر هەیە.

هەر لەمبارەیەوە لای خۆیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە، ئەوەش بە ئەرکی خۆی دەزانێت و هەوڵەکانیشی بۆ ڕەخساندنی زۆرترین هەلی کار بۆ دەستی کاریی ناوخۆیی، بەردەوام دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.