Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 16:18

جەخت لەسەر گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی سوورییەکان بۆ زێدی خۆیان دەکرێتەوە

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ڕووسیا و سووریا و ئێران جەخت لەسەر گەڕانەوەی سوورییەکان بۆ زێدی خۆیان دەکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی 05ـی 2023 مەولوود جاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە گفتوگۆیەکی چڕ و ئاشکرا سەبارەت بە پرسەکانی بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەتی تورکیا و سووریا ئەنجام دراوە.

لە ڕاگەیەنراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە هاتووە، "بەشداربووان بەپێی بڕیاری ژمارە 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و ئەو ڕاگەیەندراوە فەرمییانەی کە لە چوارچێوەی شێوازی ئاستانا بڵاوکراوەتەوە، پاڵپشتییان لە سەروەریی، یەکپارچەیی خاکی سووریا و پابەندبوونیان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تەواوی شێوە و دەرکەوتەکانی دووپاتکردەوە."

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە "جەخت لەسەر گرنگیی زیادکردنی هاوکارییه‌ نێودەوڵەتییەکان بۆ سووریا بە مەبەستی گەڕانەوەی سوورییەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە، پارێزراو و شكۆمه‌ندانه‌ بۆ زێدی خۆیان و ئاسانکردنی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە، لەدوای ناکۆکییەکان، کرایەوە."

ئەوەش خراوەتەڕوو کە "بەشداربووان جگە لەوە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا بڕیاریان دا جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، وەزارەتەکانی بەرگریی هەرچوار وڵاتەکە و ده‌زگاكانی هەواڵگریی بە هەماهەنگیی نەخشەڕێگەیەک ئامادە بکەن."

لە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "گۆڕینەوەی بیروڕا لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیرەکان لە کەشێکی ئەرێنی و کرداریدا بەڕێوە چووە و وەزیرەکان هاوڕابوون لە قۆناغی داهاتوودا بەردەوامبن لەسەر پەیوەندییەكان له‌سه‌ر ئاستی باڵا و گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەو شێوازه‌ چوار لایەنەیه‌ی کە هەیە."

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.