دوێنێ چوارشەممە، دەروازەی زێت بە رووی گەشتیاراندا كرایەوە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنن كە لە ئایندەیەكی نزیكیشدا، دەروازەكە بە رووی بازرگاناندا دەكرێتەوە و جووڵە بازرگانییەكانی لێ ئەنجام دەدرێت، هاوكات ئەوەش دەخەنەڕوو كە وەك ئاسانكارییەك لەئێستادا خەریكی بە جووتسایدكردنی رێگاكەن.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لەبارەی گرنگی كردنەوەی دەروازەكە لە لێدوانێكیدا گوتی: زۆر دڵخۆشین بەجێبەجێكردنی یەكێك لە پلانە ھاوبەشەكانی حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی توركیا، ھەروەھا بەردەوام سەرۆكوەزیرانی هەرێم ئێمەی راسپاردووە بۆ چاودێریكردن و تەواوكردنی پڕۆژەكە و لە قۆناغی یەكەمدا لەم دەروازەیە تەنیا جووڵەی گەشتیاریی دەبێت و لە قۆناغی دووەمیشدا جووڵەی بازرگانیی دەبێت، بە كردنەوەی ئەم دەروازەیە خەڵكی ھەردوو دەڤەرەكە سوودمەند دەبن، دەرفەتی كاری زیاتر تیادا دەڕەخسێت، پەیوەندییە كولتوور و كۆمەڵایەتییەكانی ھەردوولا بەھێزتر دەكات، هەروەها یەكەمین دەروازەی سنووریشە كە پارێزگای ھەولێر و توركیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ئومێد خۆشناو لەبارەی رێكارەكانی هاتن و چوونی هاووڵاتییانەوە، گوتی: 'خەڵكی دەتوانن وەك دەروازەیەكی ئاسایی هاتوچۆی پیادا بكەن، هەروەها قۆناغی دووەمیش بریتییە لە بە جووتسایدكردنی دەروازەی زێت بە قەزای مێرگەسۆر و لەوێشەوە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران'.
دەروازەكە تەواوی رۆژانی هەفتە بە رووی گەشتیاراندا كراوە دەبێت و گەشتیاران دەتوانن لە كاتژمێر هەشتی بەیانی تا هەشتی شەو گەشتەكانیان لە رێگای ئەم دەروازەیە ئەنجام بدەن.
رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە قۆناغی دووەمدا دەكرێتە جووتساید
یەكەمین دەروازەی سنووریيە كە پارێزگای ھەولێر و توركیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.