Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 06:07

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی دووەمین ڕۆژی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی بەڕێوەچوو

کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ هه‌ینی بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕێورەسمی دووەمین ڕۆژی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد تێیدا باسی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی و گرنگی ئەو مۆزەخانەیە بۆ پاراستنی مێژووی گەلی کوردستان کرد بۆ نەوەکانی داھاتوو.

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دروستبوونی ڕێبازی بارزانی و پێناسە و مێژووی رێبازی بارزانی، سەرۆک بارزانی ئامەژەشی بەوە دا کە مێژووی گەلەکەمان زۆر شێوێندراوە، بۆیە بە گرنگەوە باسی لەمێژووی گەلی کوردستان کرد و جەختیشی کردەوە کە ھەموولایەک رۆڵ ببین لە دەوڵەمەندکردنی مێژووی گەلی کوردستان.

سەرۆک بارزانی ھەروەھا باسی لەو بنەمایانە کرد کە شوێنکەوتووانی ڕێبازی لەسەری دەڕۆن و بۆتە عەقیدە و پێی دەناسرێنەوە کە بریتیین لە خواناسی و نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی.

سەرۆک بارزانی باسی لە کەلتووری پێکەوەژیان لە دەڤەری بارزان کرد کە بە درێژایی مێژوو پارێزگاری لێ کراوە و ناوچەکە پێی دەناسرێتەوە.

لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو زەبر و زەنگ و زوڵمە کرد کە لەسەر گوندی بارزان بەدرێژایی مێژوو ھەبووە جەختیشی کردەوە لە ھیچ قۆناغێکدا ملکەچبوونیان ھەڵنەبژارد.

پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند جەخت لە دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی نێو مالی کورد دەکەمەوە کە تێیدا داوای لە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسیەکان کرد تەبا و یەکگرتووبن و ھەوڵ بدەن ئەو گرژییانە نەھێڵن کە دروستبوونە، سەرۆک بارزانی هه‌روه‌ها ئامادەیی و پشتیوانی خۆیشی بۆ چارەسەری ھەموو کێشەکان دەربڕی و داوای کرد کە لایەنەکان ئەم کەشە ناخۆشە بگۆڕن بە خۆشی.

جێگەی ئاماژە پێکردنە وتار و نوێژی ھەینی لە مزگەوتی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان ئەنجامدرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.