Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:44

وەزیری پەروەردە: ڕێژەی دەرچوون لە هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکوومییەکان 84.2% بووە

کوردستان TV
100%

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پلانەکانی وەزارەتی پەروەردە و هەنگاوەکانی گرینگی دان بە خوێندنی زمانی کوردی بۆ قوتابخانە ناحکوومییەکان خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژەی دەرچوون لە هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکوومییەکان 84.2% بووە.

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: گلەیی و ڕەخنە لەبارەی لاوازی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکوومییەکان هەبوو، هەرچەندە بەشێکی زۆر لە ڕەخنەکان بەرمەبنای داتایەکی زانستی دروست نەبوون، بەڵکو خوێندنەوەیەکی کەسی بوون یان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکی میدیاییدا بوون، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا توێژینەوەی زانیستیش هەبوون.

ڕاشیگەیاند: دواجار ڕەخنەکان پێویستیان بە هەڵوەستەی  پێویست هەبوو،  پلانمان دانا بۆ ئەوەی کە گرنگی بدەین بە خوێندنی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی، ڕاسپاردەی پسپۆرانمان وەرگرت و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت چەندین بڕیاری پێویست دران بۆ ئەوەی بە گوێرەی پلانێکی چەند ساڵە بگەینە ئەو ئامانجەی کە قوتابییان لە ئاستێکی بەرز دابن لە زمانی دایک.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەو هەنگاوانەی  خستووەتەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە گرتوویانەتەبەر:-

- پێدانی پێگەیەکی شیاو بە مامۆستایانی بابەتی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکوومییەکان، ئەم کارانە لە سەرەتادان هێشتا کاری دیکەمان لەپێشە و ئەم پلانە دەبێت بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی بە ڕێرەوی ڕاستی خۆیدا بڕوات.

- یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەی کە لە ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە درا بریتی بوو لەوەی دەبێت ساڵانە تاقیکردنەوە بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی قوتابییان لە قوتابخانە ناحکوومییەکان ئەنجام بدەین لە قۆناغی بنەڕەتی لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی و پاشتریش بەرنامەمان دەبێت بۆ پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی.

- لە رێکەوتی  03ـی 04ـی 2023 ئەو تاقیکردنەوەیەمان ئەنجام دا، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی ئاستی قوتابییان لە زمانی کوردی لە  قۆناغی بنەڕەتی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی، کە تیایدا ئامانجمان بوو پێوانەی ئاستی خوێندنی زمانی کوردی بکەین لەو قوتابخانانەی ئاماژەمان پێکرد لەبوارەکانی ( خوێندنەوە و تێگەیشتن ) و (ڕێزمان) و ( ناسینەوەی وشە) و ( ناسینەوەی بڕگە و پیت) و ( داڕشتن و جوان نووسین)، هەموو قوتابخانە بنەڕەتییەکانی ناحکوومی بەهەموو جۆرەکانییەوە (  قوتابخانەی نیودەوڵەتی -  قوتابخانەی بیانی - ئەو قوتابخانەیەی بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت)، داتا و ئەنجامەکان بەم جۆرە بوون:-

1- ژمارەی ئەو قوتابخانە بنەڕەتییە ناحکومیانەی ئەو تاقیکردنەوەیەیان تێدا ئەنجامدرا (151) قوتابخانە بوو.

2- ژمارەی قوتابيیانی بەشداربوو لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی بریتی بوون لە ( 7359 ) قوتابی.

3- ژمارەی قوتابيیانی دەرچوو لەو تاقیکردنەوەیەی زمانی کوردی بریتی بوون لە ( 6196) قوتابی.

4- ڕێژەی دەرچوون (84.2٪) هەشتاو چوار پۆینت دوو لەسەد بوو.

5- پرسیاری تاقیکردنەوەکان سەرتاسەری بوو لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانەوە دانرابوو.

6-  (18) هەژدە مامۆستای پسپۆر بە سەرپەرشتی  لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان ئەرکی پشکنینی تێنووسی تاقیکردنەوەی قوتابییەکانیان پێ سپێردرا. کە بە (11 ) یازدە رۆژ پشکنینی تێنووسەکانیان تەواو کرد.

7- سەرپەرشتیارەکان سەرپەرشتی پرۆسەکەیان کرد.

 ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوەش دا کە دوای ئەم هەنگاوە  بەڕێوەبەرایەتیی هەڵسەنگاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی وەزارەت ڕادەسپێرین کە پاڵپشت بە وردەکاری ئەنجامەکان گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆڕانی زمانی کوردی بکەن؛ بۆ هەر قوتابخانەیەک تەواوی ئەنجامی قوتابییەکانیان بۆ دەنێرینەوە، پاڵپشت بە ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی پسپۆڕانی مامۆستایانی زمانی کوردی ڕاسپاردەی گشتیی بۆ هەر قوتابخانەیەک و ڕاسپاردەی تایبەت بە دەرنەچووان و ڕاسپاردەی تایبەت بە بەرزکردنەوەی زیاتری ئاستی زمانی کوردی قوتابییان بۆیان دەنێرینەوە.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوەکە جەختی کردۆتەوە کە بە شێوەیەکی گشتیی ئەنجامەکان باشن و پلانمان ئەوەیە زیاتر پەرەی پێبدەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.