دراما و سینەما لە ناو گەلاندا ئاوێنەنمای ژیانی ڕابردوو و ئێستایانن و تیایدا داهاتووش ڕەنگڕێژ دەكەن، ئەویش لە ڕێی ئەو دەق و سیناریۆیانەی پەیوەست بە لایەنێكی ژیانی كۆمەڵگەكانیان دەینووسن و دایدەڕێژن و، دواتر لە ڕێی ستافێكی ئەكادیمی كارای دڵسۆزەوە كە ئینتمایان بۆ گەلەكەیان و نیشتمانەكەیان و هونەرەكەیان هەیە كاری لەسەر دەكەن و، دەیكەنە بابەتێكی درامای تەلەفزیۆنی، یان فیلمی سینەمایی و لەوێوە مێژوو، داب، كەلتوور و داهێنان و دونیابینیی خۆیان بۆ ناوخۆ و بۆ گەلانی دیكەش نمایش دەكەن و پەیامی خۆیان دەگەیەنن. زۆر نموونەی باڵا لە دراما و فیلمی سینەمایی لە جیهاندا هەن، بەداخەوە لە ناو هەموویاندا تەلەفزیۆنەكانی ئێمە پەنا دەبەنە بەر دۆبلاجی هەندێك لە هەرە خراپەكانیان، كە نە لەگەڵ ئادابی ڕەسەنی كۆمەڵگاكەماندا دێنەوە و نە پەیامەكەیشیان بە قازانجی ئێمەیە.
ئەدی سەبارەت بە بەرهەمی خۆماڵیمان؟ دراما و سینەمای نەتەوەیی خۆمان لەكوێدایە و چ پەیامێكی هەیە و كاریگەرییەكەی چی بووە و چی دەبێت؟
ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی كە گەلەكەمان لە باشووری كوردستان لە شۆڕش و خەباتی ڕزگاریدا بوو، شۆڕش و پێشمەرگە بەرامبەر بە گەورەترین دوژمنی شۆفێنی لە عێراقدا وەستابوونەوە، هاوشان لەگەڵ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، هونەرەكان بەگشتی و لە ناویاندا درامای كوردی جێی ئومێدی گەل بوو، سەرباری ئەو هەموو كۆتوبەند و ڕێگرییانەی بەردەمی، كەچی قوتابخانەیەك بوو بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردی و بەهێزكردنی ئینتیمای نەتەوەیی و كوردستانی، كە بە سەردەمی زێڕینی هونەری شانۆ و درامای كوردی دادەنرێت لە باشووری كوردستان.
بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا، ئەگەرچی خاوەن هەموو دامەزراوەیەكی خۆماڵیین و دەزگا و دامەزراوەی هونەریی تایبەت بە شانۆ و سینەما و تەواوی هونەرەكانی دیكەمان هەن و ئەكادیمیای هونەریمان هەن، ئەگەرچی زەخیرەیەكی ئێجگار زۆر لە بابەتی گەورە و بێوێنەمان هەن، كە بایی سەدەیەك كاری داهێنان دەكەن، لەوانە بابەتەكانی ئەنفالكردنی خەڵكی سڤیلی گەرمیان و بادینان و ئەنفالكردنی خەڵكی سڤیلی بارزانییەكان لە ئۆردوگاكان و و ڕووداوەكانی ناو گرتووخانەكانی تۆبزاوە و نوگرەسەلمان و عەرعەر و زیندەبەچاڵكردن و گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەم ئەنفالكراوانە لە دەشتەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ڕاگواستن بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان و سووتاندنی هەزاران گوند و ئاوایی، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و گۆپتەپە و بالیسان و شێخ وەسانان و وەرتێ و بادینان، لەسێدارەدانی هەزاران گەنج و تێكۆشەری كورد، ڕاپەڕین و كۆڕەو و شەڕی داعش و ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و هەموو ئەو چیرۆكە تراژیدیایانەی لەو ڕووداوانەوە كەوتوونەتەوە، كە بە سەدان هەزار كەس بوونەتە قوربانی و هەزاران دایك جەرگیان سووتاوە و هەزاران ئافرەت كۆستیان كەوتووە و دەیان هەزار منداڵ بێ باوك بوون و هەزاران كەس بە مین و تەقەمەنییەكان كەمئەندام بوون، ئەمە و جگە لە سەدان داستانی جوامێری و ئەوین و خۆڕاگری و گیانبەختكردن، كەچی نەمانتوانی ئەو كەرەستە زۆروزەوەندە بكەین بە بابەتی داهێنانی دراما و فیلمی سینەمایی و، لەو ڕێیەوە پەیامی خۆمان بگەیەنینە دونیا و، لەولاشەوە كەلتوور و ئاسایشی نەتەوەیی و لایەنە ڕۆشن و جوانەكان بپارێزین، هەروەها ئەو ستەم و زوڵم و زۆردارییەی لێمان كراوە بە ئەرشیفی بكەین و وەك بابەتی هۆلۆكۆست بیكەین بە كەرەستەی هونەری و پەیامی نەتەوەیی و بیگەیەنینە جیهان. ئەوە لایەنێكە و بەرپرسیارییەكەی لە ئەستۆی هەموومانە، بە ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان و حكوومەت و خەڵكیشەوە.
هەرچی سەبارەت بە لایەنی تەكنیكی و هونەریی كارەكەیە، ئەوەش زیاتر ئەركی كەسانی پسپۆڕی بوارەكەیە، كە نەخشەڕێگەی بۆ دابڕێژن و تێكەڵەیەك لە مێژوو و چیرۆكی واقعی ژیانی مەرگەساتی گەلەكەمان و سیناریۆی پڕ بە پێستی بابەت و مۆسیقا و لۆكەیشن و پێگەیاندنی كادیر و كاراكتەری هونەری بەسەریەكەوە بكەن بە سوپایەك لە هونەر و، دڵسۆزانە و خۆنەویستانە ئەركەكانی خۆیان بەرامبەر بە هونەر و گەل و نیشتمان جێبەجێ بكەن.
دەبێ سوود لە ئەزموونی گەلان وەربگرین و پەنا ببەینە بەر ئەوانەی لە شۆڕشی هونەریی خۆیاندا سەركەوتوو بوون و ئەمڕۆ بوونەتە ئەستێرەی گەش و درەوشاوە لە دونیای هونەردا و لە جیهاندا پێگەی بەرز و ئیعتباریان هەیە. پێویستە ڕەخنەگرانی بواری هونەر، بەتایبەت كە بابەتەكە لەسەر دراما و سینەمایە، پەنجە لەسەر هەڵە و كەموكووڕی و ناتەواوییەكان دابنێن و نەخشەیەكی ڕۆشن لە كار و داهێنان بخەنە بەردەم نەوەیەك، كە ئێستا بە ئەكادیمییانە پێدەگات و پێویستیان بە پاڵپشت و ڕێنمایی و دەستگیرۆیی هەیە.
ن/فەرهەنگ غەفوور
دراما و تراژیدیای کورد بەرەو کوێ؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.