لەپێڵوی چاودا چەندین ڕژێن هەیە كەماددەیەكی چەور دەردەن بەسەر گلێنەی چاودا بۆ ئەوەی لەكاتی چاوتروكاندن پێڵوەكان نەبنە هۆی ڕوشاندنی گلێنە، بۆریچكەی هەریەك لەم چەورییە ڕژێنانە بگیرێت دەبێتە هۆی كۆبونەوەی چەوریەكە و هەوكردنی پێست و پێكهاتەكانی دەوروبەری.
گرێی چەوری پێڵوی چاو لەهەموو تەمەنێكدا ئەگەری دروستبوونی هەیە و ئازاری ئەوتۆی نیە، هەندێك جار ڕیپۆق و پێكەوەلكانی برژانگەكانی لەگەڵدایە.
ئەگەر گرێ چەورییەكە لەپێڵوی سەرەوە دروست ببێت و گەورە بێت، هەندێكجار ڕێژەیەكی كەم تەڵخی لە بیناییدا دروست دەكات، بەڵام كاتییە و بە نەمانی گرێ چەوریەكە لێڵبوونەكە نامێنێت.
هۆكارەكانی گرێی چەوری پێڵوی چاو:
* هەوكردنی لێواری پێڵوی چاو.
* ماندوێتی و درەنگ خەوتن و نووستن لەسەر دەم.
* ئەو كەسانەی پێستیان چەورە ئەگەری هەیە زۆرتر تووش بن.
* خۆراكی چەور و گوڵەبەڕۆژە ئەگەر هەیە هۆكار بێت، بە تایبەت لەو كەسانەی خۆیان پێستیان چەورە.
چارەسەری گرێی چەوری پێڵوی چاو:
زۆرینەی گرێی چەوری پێویستی بەچارەسەر نیە، چونكە بۆخۆیان دەتەقن یان بچووك دەبنەوە و نامێنن، تەنیا ئەوەندە بەسە پشوو بدەن و شێوازی خەو بگۆڕن.
باشترە ناوبەناو پەڕۆ گەرم بكرێت و بخرێتە سەر گرێ چەورییەكە و دەتوانرێت قەترە و مەرهەمی دژەهەوكردن بەكاربهێنرێت.
ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر مایەوە یاخود نەخۆشەكە بەلایەوە ناشیرین بوو، دەكرێت بەنەشتەرگەریەكی بچووك لاببرێت.
ئا: د.ماكۆك محمد پزیشكی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو
ژێدهر - تەندروستی سلێمانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.