Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 15:06

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی دا لەڕێگەی بەناوەندییکردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ڕێکخستنەوەی دارایی گشتیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان درا لەڕێگەی بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی 05ـی 2023 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لەدەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی.

سەرۆک وەزیران هەروەها بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە و جەختی لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە 04ـی 04ـی 2023 کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی تورکیایە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەهەمانکاتدا پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی هەرێم بنێرێت تاوەکو ئەوکاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا. پاش گفتوگۆکردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا؛ ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگەی (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا، بە ڕێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و ڕسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیار درا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لە سەرتاسەری هەرێم، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم وڕێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.

لە تەوەرێکی دیکەدا، لەبــارەی کێشە ئــەمــنییەکــان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە ڕێی لێژنەیەکی تایبەتمەند لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە دۆسیە ئەمنییەکان بەگشتی دوور لە دەستێوردانی سیاسی. دواتر ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

بڕگەی سێیەم و کۆتایی خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی ئەنجام دراوە بۆ مەترسییەکانی (شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق) کە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەوڵ و ڕێکار و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەکوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەکەوەکارکردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەکانیش بۆ ئەم بابەتە کە کێشەیەکی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە پابەندیی هەرێم بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.