بڕیاره له كۆتایی ئهم مانگهدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر و سهرپهرشتیارانی ئیداره سهربهخۆكانی ههرێمی كوردستان و شاندێك سهردانی وڵاتی ئێران بكهن بە مەبەستى بە هێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لهنێوان ههرێمی كوردستان و ئێران لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران.
ئهمرۆ یهكشهم ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر پێشوازیی له شاندێكی كونسوڵگهری گشتیى ئێران لە هەولێر كرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر تەئکیدى لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاى هەولێر و كونسوڵگهری ئێران لە هەولێر و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران - تەمەرچین کردەوە.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى ڕێککەوتنامە (16) خاڵییەکەی نێوان پارێزگارى هەولێر و ئازەربایجانى ڕۆژئاوا (ئورمییە) کرا، کە بە مەبەستى بە هێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین لەنێوان هەردوولادا واژوو کرا، هەردوولاش خۆشحاڵى خۆیان نیشان دا کە دواى واژووکردنى ئەم ڕێککەوتنە جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازە سنوورییهكه بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیووە و زۆربەى خاڵەکانى ڕێککەوتنامەکەش جێبەجێ کراوە.
دواتر شاندى میوان به فهرمی بانگهێشتی پارێزگاری ههولێریان كرد، کە لە کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ سەرپەرشتیارانى ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان سەردانى ئێران بكهن.
لە ڕێكهوتی 2022.2.22، دواى دووهمين كۆبوونهوهى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و محهمهد سادق موعتهمدیان، پارێزگارى ئازەربایجانى ڕۆژئاوا، وێڕاى دووپاتکردنەوە لە سەر جێبەجێکردنى تەواوى خاڵەکانى لێکتێگەیشتنى هاوبەشی پێشوویى نێوانیان لە 2021/12/26 و لەپێناو پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بەرفراوانکردنى بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان و بە هێزکردنى جوڵە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین، لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان ڕێککەوتنامەیەکى 16 خاڵى لەنێوان هەردوولادا واژوو کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.