لە گوندی شەنەف لە سنووری ناحیەی نەمروود تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردەسەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق و دوو تیرۆریست لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کوژران.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی 05ـی 2023 لەبارەی هێرشێکی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای عێراق مەسعود نووری بەڕێوەبەری ناحییەی گوێڕ بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردەسەر سەربازیی سوپای عێراق لە گوندی شەنەف سەر بە ناحیەی نەمروود و ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی دا، لە ئەنجامدا دوو تیرۆریستی داعش کوژران.
ناحیەی نەمروود هاوسنوورە لەگەڵ ناحیەی گوێڕ، تەنیا زێی گەورەیان لەنێوانە، بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ جەختی کردەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ناحیەی گوێڕ چاوکراوەن و شەونخوونی بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و خەڵکی ناوچە بە کورد و عەرەبەوە دەکەن، ئێستاش سەنتەری ناحیەی گوێڕ ئارام و سەقامگیرە.
هاوکات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لای خۆیەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژە بە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی تیرۆریستانی داعش لە سنووری ناحیەی نەمروود سەر بە پارێزگای نەینەوا دەکات.
پەیامنێر- کارزان کاکل
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.