Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:51

دروستکردنی شڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانە لە هەولێر لە قۆناغى کۆتاییدایە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەم ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەی دروستکردنى شڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانەى بەسەرکردەوە، کە لەپێناو کەمکردنەوە و نەهێلانی سەگى بێلانە لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بە گوژمەی (455 ملیۆن دینار) لە سەر بوودجەی پارێزگای هەولێر و لە سەر ڕووبەری 20 دۆنم زەوی لە دەرەوەى شارى هەولێر دەست بە دروستکردنی کراوە.

پارێزگارى هەولێر لە نزیکەوە لە چۆنییەتى کارەکانى کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە ئەندازیارانى پارێزگاى هەولێر کرد کە سەپەرشتى پڕۆژەکە دەکەن بۆ گەیشتن بە قۆناغى کۆتایی پرۆژەکە و ئەنجامدانى کارەکان بە رێکوپێکى.

ئومێد خۆشناو هەروەها جەختى لەوە کردەوە كه‌ پێویستە پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بە کۆتابێت بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە کە بوونەتە هۆى مەترسى بۆ سەر گیانى هاووڵاتییان و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی و پەتا، تاوەکو لە زووترین کات لەلایەن لایەنە پەیوەندیدار و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە لەپێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان و بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونیان، دەستبکرێت بە هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی ئەو سەگانە لەو شوێنەدا.

لە سەنتەری شاری هەولێر ژمارەیەکى زۆر سەگی بێلانە هەن، بڵاوبوونەوەى ئەو سەگانەش لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان جگە لەوەى دیاردەیەکى ناشارستانین، لە ڕووى تەندروستیشەوە هەبوونى ئەو ئاژەڵە بێلانانە لەناو شاردا هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان و مەترسیین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بە تایبەتی منداڵان، لەو پێناوەشدا پارێزگاى هەولێر بۆ نەهێڵانى ئەو دیاردە ناشارستانییە و پاراستن و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان، (455 ملیۆن دینار)ى وەک گوژمە تەرخان کردووە بۆ دروستکردنى ئەم پەناگەیە بە شێوە و شێوازێکى سەردەمییانە.

لە ئێستاشدا کارەکانى پڕۆژەکە گەیشتۆتە قۆناغى کۆتایی و لەمنزیکانەشدا دەست دەکرێت بە هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی سەگەکان و گواستنەوەیان بۆ شڵتەرەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.