Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 10:23

ئایا شانۆی كۆمیدی كاریگه‌ره‌ یان كاره‌ساته‌؟

کوردستان TV
100%


به‌درێژایی 36 ساڵ كاكردن له‌ بزاڤی شانۆی كوردی له‌كلاسیكه‌وه‌ بۆ واقیعی له‌ ئه‌زمونگه‌ریه‌وه‌ بۆ شانۆی وێنه‌یی له‌ بێهوده‌ییه‌وه‌ بۆ شانۆی به‌دیل له‌شانۆی دیوه‌خان بۆ شانۆی ئاهه‌نگسازی هه‌مویانم تاقیكرده‌وه‌ بۆ بینه‌ری نوخبه‌و هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و  ڕۆشنبیران و ره‌خنه‌گران و گه‌نجانی نێوبواری شانۆ له‌كۆتایی نمایشدا به‌ناچاری چه‌پڵه‌یه‌كی ساردو سۆڕیان بۆ لێدام ،دوای نمایش له‌سه‌رمێزی مه‌ینۆشین چه‌ندین بیروڕای جیاواز ده‌بوه‌ گه‌رمه‌ی پێك لێدانی دانیشتنی شه‌وانه‌ به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌م كرد له‌پێناو هونه‌ر بۆ هونه‌رو هیچیان پێنه‌به‌خشیم بۆیه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی من له‌كۆلیژی هونه‌ره‌جوانه‌كان هه‌موو هزرو خه‌یاڵ وئه‌ندێشه‌م ده‌جولێنم بۆ شانۆیه‌كی پۆست مۆدێرن یان رایبگه‌یه‌نم (شانۆی شێوه‌كاری) به‌هاوكاری مامۆستایان و قوتابیه‌ دڵگه‌رمه‌كانم بۆئه‌وه‌ی نه‌ڵێن هیچی له‌هه‌گبه‌دا نه‌ماوه‌و به‌بڕوانامه‌ی دكتۆراوه‌ له‌ناو بێده‌نگیدا له‌فه‌زای تاریكستاندا به‌مۆمێك ده‌یه‌وێت ژورێك روناك بكاته‌وه‌ .نه‌خێر من ده‌زانم به‌چ ئاراسته‌یه‌ك كارده‌كه‌م نه‌ك قه‌یرانی دارایی ئه‌گه‌ر قه‌یرانی مرۆڤیش بێت هه‌ر كارده‌كه‌م.به‌ڵام باره‌خنه‌گره‌كانیش واقیع بینانه‌ فه‌زای هونه‌ری كوردستان بخۆێننه‌وه‌ و به‌ویژدانانه‌ حوكم بده‌ن بۆ نمونه‌ شارێكی وه‌كو هه‌ولێر دوو ملیون كه‌سی تێداده‌ژی به‌شێكیان زۆرحه‌زده‌كه‌ن ناوه‌ ناوه‌ به‌دیداری شانۆ شادببنه‌وه‌ به‌ڵام كام شانۆیان ده‌وێت من زۆرجار له‌شه‌قام و پارك و قاوه‌خانه‌كان وقوتابخانه‌كان ده‌یاندوێنم كه‌چی گه‌نجه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ ئه‌و ژیانه‌ی كوردستان به‌شایسته‌ی خۆمان نازانین دڵمان تونده‌و لێوبه‌بارو خه‌مناكین بۆیه‌ حه‌زده‌كه‌ین شانۆگه‌ریه‌كی كۆمیدی وڕه‌خنه‌ئامێزو ئاهه‌نگسازی ببینین كه‌ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی ئێستا بێت هه‌ربۆیه‌ له‌رووی سایكۆلوژی و ئایدۆلۆژی وسیمۆلوژی ده‌بێت شانۆكاران ڕێز له‌ داواكانیان بگرن به‌شێوازێك كه‌شانۆی كۆمیدی له‌سه‌ربنه‌مایه‌كی فیكری وهونه‌ری و ئیستاتیكی بێت ،وه‌ئه‌و ئه‌كته‌ره‌كومیدیانه‌ی كه‌ جه‌ماوه‌ریان هه‌یه‌ جارێكی تر به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی هونه‌ری چاڵاك و ئه‌بدێت بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ولێری پایته‌خت شانۆ به‌ردامبێت وزۆرترین بێنه‌ر ڕاكێشی بۆناو هۆڵه‌كانی شانۆ وته‌خته‌ی شانۆ بهه‌ژێنن له‌ده‌رئه‌نجامدا به‌ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌گره‌كان شانۆ ئاستێكی به‌رزتر خۆی نیشان ده‌دات له‌كوتایی كورته باسه‌كه‌م دوباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند یان ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ر موڵكی جه‌ماوه‌رن بۆیه‌ پێویسته‌ تێنوێتی جه‌ماوه‌ر بشكێنن و له‌گه‌ڵ یه‌كترئاشت ببنه‌وه‌ هونه‌یش ئه‌گه‌ر بۆ گه‌ل نه‌بێت ده‌نگدانه‌وه‌و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو هۆڵی شانۆ تێپه‌ڕ ناكات ..شانۆیی دواڕۆژه‌كانی بابلۆ جوانترین نمونه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران به‌ڵام توانی گه‌وره‌ترین بینه‌رله‌خۆی كۆبكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌بوو بۆ بزوتنه‌وه‌ی شانۆی ئه‌مڕۆ.
پ.ی.د.ژیلوان تاهیر 
سه‌رۆكی به‌شی سینه‌ماوشانۆ
كۆلیژی هونه‌ره‌جوانه‌كان،هه‌ولێر

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.