Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 08:23

داستانی هەندرێن... لە پەلاماری دوژمنەوە بۆ دانوستاندن و مل دانە بەر داوای شۆڕشی كورد

کوردستان TV
100%

زانیار سەردار قڕگەیی/ سلیمانی


  ژێمی عێراق لەپێناو سەركوتكردنی نەتەوەی كورد، هەمیشە پەنای بردووەتە بەر شەڕ و هەڕەشە و پەلاماردان، لەباتی زمانی لۆژیك و دانوستاندن و پەنابردنەبەر گفتوگۆ، بژاردەی زمانی هەڕەشە و شەڕ و هێرشكردنی هەڵبژاردووە، بۆیە نەتەوەی كوردیش لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، بەناچاری پەنای بردووەتە بەر بەرگریكردن و شۆڕش و راپەڕین، لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا، بەناچاری دەستی داوەتە چەك، بۆ بەرگریكردن و پاراستنی گەلە بەشمەینەتەكەی. لەم باسەماندا، یەكێك لەو داستانە نەبەردییانەی شۆڕشی ئەیلوول دەخەینە روو كە هێزی پێشمەرگە بە رابەرایەتی بارزانیی نەمر داستانی هەندرێنی كردە هەوێنی سەركەوتنی پێشمەرگەی كوردستان و وەك دەگوترا تۆڵەی شەهیدانی سلێمانییان كردەوە و وانەیەكی كەمەرشێنیان دایە سوپا زەبەلاحەكەی عێراق كە چیتر نەتوانن لەبەردەم ئوستوورەی پێشمەرگەدا خۆیان رابگرن، لەو سەروەختەشدا رژێمیان ناچار كرد پەنا بباتە بەر گفتوگۆكردن.

پێشكەوتنە بەربڵاوە گەورەكەی دوژمن لە بەرەی شەڕدا
دەستی پێ كردووە و سوپا چیای هەندرێنی گرتووە

 سەرۆك مەسعود بارزانی، لە كتێبی: "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد. بەرگی سێیەم - بەشی یەكەم دەنووسێ: سبەینێی۲ی ئایار برووسكەیەك لە هێزی باڵەكەوە هات وای دەگەیاند كەوا پێشكەوتنە بەربڵاوە گەورەكەی دوژمن لە بەرەی شەڕدا دەستی پێ كردووە و سوپا چیای هەندرێنی گرتووە و پشێوی كەوتووەتەوە و كاری داكۆكی كەلێنی زۆری تێ كەوتووە. بارزانی هەر كە لەم برووسكە ئاگاداربوو فەرمانی بۆ ئیدریسی برام دەركرد گورج بەرەو بەرەی شەڕ بكەوێتە ڕێ و دۆخەكە بەسەر بكاتەوە و لە ڕاستەقینەی دۆخەكەی ئاگادار بكات و، فەرمانێكی یەكجارەكیشی بۆ سەركردەكانی بەرەی شەڕ دایێ كە دەبێ بەهەر نرخێ بووە نەهێڵن دوژمن هیچ پێشكەوتنێكی تر وەدەست بهێنێ".

  هەروەها لە درێژەی نووسینەكەیدا سەرۆك دەڵێ: بەگەیشتنی ئیدریس بۆ بەرەی شەڕ كۆبوونەوەیەك بۆ هەموو سەركردەكان سازكرا و بڕیارێك وەرگیرا كە هەرچەندی قوربانیدانی بوێ دەبێ پێشكەوتنی دوژمن ڕاوەستێنرێ.

 كۆبووەوەكان برووسكەیەكیان بۆ بارزانی لێ دا پەیمانیان تێدا دایێ كە خۆیان ڕادەگرن و سوورن دوژمن ببەزێنن و هەوڵ و تەقەلاكانی بەهیچ دەركەن و گوتیان ئێمە ئەركی ئەوەت نادەینە بەر بۆ خۆت تەشریف بهێنی و، بۆ خۆمان كارەكە ڕادەپەڕێنین. ئەركی هەرە گەورە لە داكۆكیكردن لە هەندرێن لە ئەستۆی یەكە لەشكرییەكانی حزبی شیووعیدا بوو. هەستیان دەكرد بەرپرسییەكی چەند گرانیان لە ئەستۆدایە و چەردەیەكیش شەرمەزاربوون، چونكە ئەو كارەیان بە هەڵوێستێك دادەنا كە لێپرسینەوەی دەروونی لە دوایە، لەبەرئەوە زۆر تامەزرۆی ئەوەبوون بچنە شەڕێكی ژیان و مردنەوە بۆ داشۆردنی ئەوەی بەسستی و كەمتەرخەمییان دەزانی لە خۆیاندا و، پێشمەرگەكانی تریش لەم هەستەدا هاوبەش و هاوبیریان بوون و، پەیمانیان لەگەڵ خۆیان كردبوو نەهێڵن دوژمن بستێ چییە پێش بكەوێ. چیا بەهۆی بۆمبارانی بۆمبای سووتێنەك و ناپاڵمەوە بوو بەیەك پارچە ئاگری هەڵایساو. تەقینەوەی گولـلە تۆپیش چیاكەی بەپانی و بەدرێژی گرتبووە وە بەڕاستی ئەو نرخەی دەدرا گەلێ گران بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوپا و جاشانیش دەرسێكیان درا هەرگیزاو هەرگیز لەبیر نەكەن".

شكست بە پیلانێكی مەترسیداری دوژمن دژ لە باشووری كوردستان

 رۆژی 12ی5ی1966 پێشمەرگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی مستەفا بارزانی، توانییان شكست بە پیلانێكی مەترسیداری دوژمن دژ لە باشووری كوردستان بهێنن و داستانێكی بێ وێنە و سەركەوتنێكی مەزن بەناوی (داستانی هەندرێن) تۆمار بكەن، كە لە مێژووی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا داستانەكە بە خاڵێكی وەرچەرخان دادەنرێت. 

 ئەو داستانە لە چیای هەندرێن، بە بەشداریی 150 پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تۆمار كرا و توانییان هێرشی پێنج هەزار سەربازی پڕ چەك و مەشقپێكراوی ئەوسای عێراق، بە خوێنی سێ پێشمەرگە تێكبشكێنن و خەونی لەنێوبردنی شۆڕشی باشووری كوردستان لەنێو ببەن. 

 ئەو داستانە بە خوێنی سێ رۆڵەی كوردستان بە ناوەكانی (خدر عەبدوڵا بەگ دەرگەڵەیی، ساڵح مام ئەلیاس رواندزی، عەریف یوونس) تۆمار كرا.

  سەركەوتنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا، وڵاتانی ناوچەكەی تووشی سەرسوڕمان كرد و دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی عێراقیشی ناچار بە دانوستاندن كرد. بۆ كپكردنی شۆڕشی باشووری كوردستان، رژێمی عێراق لە شەوی 2 لەسەر 3ی مانگی 5ی 1966، بە هێزێكی زەبەلاح كە پێكهاتبوو لە پێنج هەزار سەربازی پڕچەك و بە پاڵپیشتیی فڕۆكەی شەڕكەر، لە چیای هەندرێن هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوای 10 رۆژ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە، لە دژە هێرشێكدا و لە ماوەیەكی كورتدا، پێشمەرگە توانی ئەو هێزە زۆرەی عێراق تێكبشكێنێ و سەركەوتنی گەورە بەسەر هێرشی فراوانی بەعس رابگەیەنێ. بەمەش گەورەترین سەركەوتن بۆ شۆڕش و مێژووی گەلی كورد تۆمار كرا، كە رژێمی عێراقی ناچار كرد رێككەوتننامەی 29ی حوزەیرانی هەمان ساڵ ئیمزا بكات، هەروەها لەو داستانە بەرگرییەدا، لیوایەك و فەوجێكی رژێم بە یەكجاری لەناوچوون و دوو لیوای دیكەش هەڵوەشانەوە، وێڕای كوشتن و بەدیلگرتنی سەدان سەرباز و دەستكەوتی هێجگار زۆری كەرەستەی سەربازی، پێشمەرگەكان بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دیلەكان دەكرد.

  لەو شەڕەدا، سوپای داگیركەری عێراق دووچاری شكستێكی گەورە دەبێت، ئەو داستانە بەهۆی لێهاتوویی فەرماندەكان و ورەبەرزی و خۆڕاگریی پێشمەرگە قارەمانەكان تۆمار كرا، كە لە ساتەوەختی شۆڕشی ئەیلوولدا و لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی سوپای داگیركەر گەورەترین حەماسەت دەخوڵقێت، كە تاكو ئەم سەردەمەش هەر شانازیی پێوە دەكرێت. ئەو سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگە لەو سات و كاتەدا، هیوا و ئومێدی گەورەی بە گەلی كوردستان بەخشی و نووسەران و شاعیرانی كوردیش بە هۆنراوە و نووسین پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان دەردەبڕی و هۆنراوەیان بۆ پێشمەرگە نووسیوە. بەتایبەت یەكێكی وەك شاعیر و رووناكبیری بەئەزموونی سلێمانی، بەناوی ((عەبدولڕەحمان بەگی بابان)) ناتوانێ لەئاست ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پێشمەرگە بێ دەنگ بێت، هەم لە تووڕەیی هێرشی دوژمن و هەم لە سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كوردستاندا، هەست و سۆزێكی كوردپەروەری لەناخیدا بەرجەستە دەبێت، بۆیە بە هۆنراوەیەكی بەرز و سەنگین، خۆشحاڵی و خۆشەویستی بۆ كوردستان و پێشمەرگە و بارزانی دەردەبڕێ و هەڵسەنگاندنێكی سەنگین و بەرز و جوانی لە رووی مێژووی ژیانی سیاسیی رابردوو و ئەوكاتیان بۆ دەكات و ئەو داستانە بەرز دەنرخێنێت و ستایشێكی زۆری پێشمەرگە و مستەفا بارزانی دەكات. لە هەمان كاتدا، ئەو داستانە بە تۆڵەی كارەساتی 9ی حوزەیرانی شاری سلێمانی دەناسێنێ، كە رژێم لەڕابردوودا زوڵم و ستەم و كۆشتارگەیەكی زۆری دەرهەق بە خەڵكی كوردپەروەری سلێمانی كردبوو. شاعیر پێی وایە، تۆڵەی جەماوەری سلێمانی لەسەر دەستی پێشمەرگەی بارزانیدا كرایەوە. 

لە ساڵیادی ئەو داستانەدا و لە رۆژنامەی برایەتی ژمارە (1643)، رۆژی پێنجشەممە 14ی5ی1992دا، مەحموود ئەحمەد محەمەد، وتارێك بەناوی (شەڕی هەندرێن و شیعرێكی بڵاونەكراوەی ئەوڕەحمان بەگی بابان)، بەم شێوەیە بڵاو دەكاتەوە و دەنووسێت:

 ”مانگی نیسانی 1966 بەنیسبەت گەلی كوردەوە سەردەمێكی ئاسایی نەبوو، چاوەڕوانی هێرشێكی قورسی رژێمی بەغدا دەكرا بۆ سەر پێشمەرگەی كوردستان، دەوروبەری بنكە و بارەگای بارزانیی نەمریش بۆ ئەو پەلاماردانە دەستنیشان كرابوو، حكوومەتی ئەوسای عێراقیش پەیتاپەیتا هێزی پیادە و زریپۆش و تۆپخانەی رەوانەی ناوچەی رواندز و دیانا دەكرد و خۆی بۆ شەڕ و هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ساز دەدا، لە زۆربەی شوێنە ستراتیژییەكاندا هێزی رژێم لەنگەری گرتبوو و سەنگەری لێ دابوو، نیازی پیس و خەیاڵپڵاوی سەریەك دەنا.

 دەزگا ئیعلامییەكانیشی خستبوونە گەڕ و هەموو سات و كاتی لە كاردا بوو بۆ درۆ هەڵبەستن و پڕوپاگەندەی ناڕاست بڵاوكردنەوە، تەنانەت پڕوپاگەندەكانی رژێم لەو ساتەدا ئەوەندە كاریگەر بوون، زۆر لە خەڵكی و لە دوژمنان و ناحەزانیش چاوەڕوانی ئەوە بوون، ئەمڕۆنا سبەی شۆڕشی كورد لەبەین دەچێ و بارزانی و پێشمەرگەكانی بە دەستگیركراوی لە بەغدا پیشان دەدرێن. هەر بەهۆی ئەو پڕوپاگەندەوە، زۆربەی كوردە دانیشتووەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تووشی نەخۆشیی دەروونی ببوون، نائومێدی خانووی دڵیانی هاخنی بوو، دەزگا ئیعلامییەكانی جیهانیش هەموو رۆژێ دەنگ و سەدای دەهۆڵە شكاوەكەی بەغدایان لێ دەدایەوە.

لەملاشەوە، پێشمەرگەكانی كوردستان بە سەركردایەتیی بارزانیی نەمر، خۆی بۆ بەرگری لە شەڕەف و كەرامەتی میلـلەتی كورد و خاكی كوردستان ئامادە كردبوو، بۆ شەڕی مان و نەمان خۆی ساز دەدا، هەرچی هەوڵیش درا بۆ ئەوەی ئەو شەڕە نەقەومێ، بەڵام بێ سوود بوو.! 

 ئەوەبوو شەڕی بەناوبانگی هەندرێن لە 2لەسەر 3ی مانگی پێنجی 1966 رووی دا و پاش 10 رۆژ شەڕ و هێرش و رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە، هێزی پڕچەك و تەیاركراو و چەندین فڕۆكە و دەیان تانك و چەكی جۆراوجۆری سوپای زەبەلاحی دوژمن، زۆر بە خراپی تێكشكا و زیانێكی گەورەی لێ كەوت، سوپای داگیركەر چۆكی دادا و پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی تۆمار كرد، سێ لیوای سەربازی بە جۆرەها چەك و تەقەمەنییەوە تار و مار كران و كەوتنە دەستی پێشمەرگەی كوردستان، خەون و خەیاڵپڵاویی جەنەراڵەكانی بەغدا پووچەڵ بوونەوە، بەڵام ئەوە خەونێكی نەزۆكی دوژمنان بوو كە هەرگیز نەدەهاتە دی. 

  وەك مامۆستا مەحموود ئەحمەد ئاماژەی پێ دەكات: "هەر لەو كاتەدا، دەنگوسەدای ئەم فەتحە مومتازە، بزەی خستە سەر لێوی كوردان و جارێكی دیكە ئاوی ژینی كردەوە ناو جەستەیان و سەرلەنوێ هیوای سەركەوتن و نەبەزینی پێشمەرگە و بارزانی بەجیهاندا راگەیاندەوە".

  خۆشی و شادی خستە ناو دڵانەوە و لە زۆربەی ناوچە رزگاركراوەكانی كوردستاندا بوو بە زەمزە و شایی!! ئەوە بوو كە لە دنیادا ئەم تێكشكاندنەی سوپا زەبەلاحەكەی حكوومەتی عێراق دەنگی دایەوە و جیهانی ئەو رۆژگارەی هەژاند و سەرلەنوێ ئازایەتی و مەردایەتیی پێشمەرگەكانی بارزانی بەجیهاندا بڵاو كردەوە. جارێكی دیكە بارزانی سەلماندی و چەسپاندی كە رۆڵەكانی نەبەرد و چاپووكن و پێشمەرگە شێری مەیدانن، گیانیان دەبەخشنە خاكی پیرۆزی كوردستان. تەنانەت خەڵكی دەیگوت: ئەمە تۆڵەی خوێنی بەناهەق رژاوی كارەساتی 9ی حوزەیرانی 1963ی شاری سلێمانی و شەهیدەكانیەتی، زیندەبەچاڵكردنی ئەو هەموو رۆڵە بێ تاوانانەی سلێمانییە. هەروەها دەگوترا، بارزانی یەك بە هەزار تۆڵەی سەندن.

   هەمووشمان ئەوە دەزانین، كە سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی هەندرێندا و تێكشكاندنی سوپای عێراقی بەوشێوە بەرفراوانە، دەنگ و سەدایەكی كاریگەری هەبوو لە جیهان و لەسەر ئاستی ناوەوەش، ورەی دوژمنی وا رووخاند، ناچار بوو تكای ئاگربەست و وتووێژی لە شۆڕش و لە مستەفا بارزانی كرد.

((برووسكەی مستەفا بارزانی بۆ پێشمەرگەكانی داستانی هەندرێن))

   لە مستەفا بارزانییەوە بۆ هێزی باڵەك، بۆ مەكتەبی تەنفیزی، بۆ هەموو بنكەكان: 

"سوپاسی هەوڵەكانتان دەكەین ئەی قارەمانی كوردستان لە چیای هەندرێن، وە پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە قارەمانەتان لێ دەكەین، لە بەرگریكردن لە خاكی پاكی كوردستان. گەلی كورد ئیعتیزاز و شانازی بە ئێوە دەكات و لە خودا داوا دەكەم یارمەتیمان بدات، بۆ سەركەوتنی یەكجارەكیی ئێوە بەسەر دوژمنە ستەمكارەكانی گەلی كورد".

هەروەها سەرۆك مەسعود بارزانی لە باسی سەركەوتنی ئەم داستانەدا دەنووسێت: 

"رۆژی 12ی5ی1966 لە داستانێكی كەموێنە، بە دروشمی كوردستان یان نەمان، هێزی پێشمەرگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول گورزێكی بەهێزیان لە سوپای ئەوكاتەی رژێمی عێراق دا. لەو داستانەدا هێزی باڵەك رۆڵێكی كارایان بینی، هەروەها بە فەرمانی بارزانیی نەمر رابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، شەهیدی هەمیشە لە یاد ئیدریس بارزانی، رۆڵی گیانفیدایی گێڕا و سەركردایەتیی شەڕەكانی (هەندرێن و زۆزك)ی كرد. بۆ دوژمن ئیسپات بوو كە پێشمەرگە هەمیشە دەتوانێ بەرگری لە خاكی كوردستان بكات. لە 12ی ئایاری 1966 دا هێزی پێشمەرگە سەركەوتنێكی پرشنگداری بەسەر هێزی پڕچەكی زەمینی و ئاسمانیی دوژمن لە حەوزی رواندز تۆمار كرد. ئەو هێزەی كە بۆ لەناوبردنی سەركردایەتیی شۆڕش پەلاماری ناوچەكەی دابوو، لە شەڕێكی دە رۆژەدا لە چیای هەندرێن و زۆزك و كوڕەك و گەرووی هۆمەرئاغا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە بەشداریی پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی بەیەكەوە، داستانێكی قارەمانانەیان تۆمار كرد و هێزی دوژمنیان لەبەریەك هەڵوەشاند".

عەبدولڕەحمان بەگی بابان لە سلێمانییەوە هۆنراوە بۆ ئەو داستانە دەهۆنێتەوە

  (مەحموود ئەحمەد)ی نووسەر دەڵێت:"عەبدولڕەحمان بەگی بابانیش لە دونیا دەرچووی ساڵی 1968، شاعیرێكی نوێخواز و نیشتمانپەروەر بووە، گەلێ شیعری بۆ داستانەكانی بارزانی و پێشمەرگەكانی بارزانی و كەسایەتیی مستەفا بارزانی نووسیوە و لە هەمان كاتیشدا زۆریش بە كەسایەتیی بارزانی سەرسام بووە و خۆشی ویستووە".

 شاعیر داستانی هەندرێنی بەم پارچە شیعرە تۆمار كردووە، كە مەحموود ئەحمەد لە ساڵی 1993دا دەنووسێت: "تا ئێستاش ئەم شیعرە بڵاو نەكراوەتەوە". بەڵام لەو رێكەوتەشەوە تا ئەمڕۆ بڵاو نەكراوەتەوە و تەنانەت لە دیوانەكەشیدا تۆمار نەكراوە، بۆیە بە پێویستمان زانی، دوای تێپەڕبوونی پەنجا و هەشت ساڵ و لە ساڵڕۆژی تۆماركردنی ئەو داستانە نەبەردییەدا بڵاوی بكەینەوە، تا شوێنی خۆی لە لاپەڕەی مێژووی خەباتی گەلەكەماندا بەدرەوشاوەیی بكاتەوە".

شیعرەكە بەم شێوەیە دەست پێ دەكات: 

                     شەڕی هەندرێن

لەبەرچی تۆم خۆشئەوێت ئەی نیشتمان: تۆ خاك و خۆڵێكی 
كەژ و كێوی چیا زۆر بەرز و هۆزان و شیو و دۆڵێكی 
لە ناوچەی شەرقی ناوەندا بە تەنها تۆ كڵۆڵێكی 
عەدو واتێئەگا ئێستا بەشی زللە و چەپۆڵێكی

لە مێژوو لائەدا دوژمن وە یا عەمدەن لەبیری چوو!
كە بۆ میسڕ و یەمەن لەم خاكەوە والی و ئەمیری چوو!
كەژ و كێو و دەر و شیوت كە كوردستان مەشهوورە
بە مێژوو نابێتە یانەی پڵنگانی رق ئەستوورە 
وەلیعەهدی كە یانە لێدەری شاهانەی ئاشوورە

بۆ فەخر و ناوی من ئەی نیشتمان شۆرەتت بەسمە
كە شیو و دۆڵەكانت مەقبەرەی سەد دوژمن و خەسمە
لە شەرقی (بەڵخ)ەوە تا قاهیرە تاق و رەواقت بوو
عەرەب ناوی نەبوو تۆ سوریە و خاكی عێراقت هەبوو
لەگەڵ رۆما دەمی سوڵح و دەمی جەنگ و شیقاقت بوو
لە هیند و توركەوە خاوەنی جیهانداری مەراقت بوو
كەچی ئێستا معێدی بۆق و كیسەڵ خۆر و پێ خاوس
خەریكی هەڵمەتن بۆ شاخەكانی شاهی كەیكاوس 
لەسەر ئەم ئەمرە بوو حەسلەی دلێر و شێری بارزانی
لە جەیش و عەسكەری عارەب سێ لیوای كرد بە قوربانی
هەچی چەك و تۆپی بوو كەوتە ژێر دەستت بەئاسانی
هەزاران ئافەرین بۆ تۆ سەندتەوە تۆڵەی سلێمانی

ئیتر هێزی نەما جەیشی معێدی بۆ شەڕی تازە
گەیشتە شەرق و غەرب دەنگ و سەدای ئەم فەتحە مومتازە
جەلالی كوردی ساسانی ئەگەر تۆ نایەتە بیرت
لە تەئریخی دەرێنە قارەمانیی باوك و باپیرت
لە میراتی ئەوان زوو راپەڕە بۆ خەنجەر و شیرت
لەبندا بیبڕە كەللەی معێدی كۆنە نێچیرت

لەبیری چوو معێدی دەرسی (زولئەكتاف)ی ساسانی
ئەوا دەرسێكی تازەی دا ئەدا ئوستادی بارزانی
لەسەر كورسی لە شۆڕش دایە عارەب هەر لە ناوخۆدا
لە ترسی تۆیش هەمیشە وا لە گریان و ڕۆڕۆدا
كەچی نیازی وەهایە قەومی كوردی تۆ لە باكوردا
معێدی پێ پەتی دانێ لە جێگە و مەسكەنی تۆدا
ئەوی چاوی لەجێی تۆیە وەهای لێدە بەبێ ئامان
لەترسی زەبری تۆ راكاتەوە بۆ ئوردن و عەممان!
لەسەر دین بەسەر تۆدا كە بۆ دەفعی سەڵیب هاتم
حەقی من چۆن ئەخۆی عالەم ئەزانێ كۆنە ئاغاتم
لە رەغمی تۆ ئەبێ بیهێنمە دی ئامال و ئاواتم
عێراقت هی منە تەئریخی قەومی خۆتە ئیسپاتم 

جنووبت كورد و فورسە نەفی بەغدا شاری ئەقوامە
سنووری تۆ كوێتە تا جنووبی خوتەییی شامە!
لە نۆسەد تێپەڕی ساڵ و شەست و شەش لە نیسانا
سەرۆك و پێشەوای گەورە پلان و سەرخەتی دانا   
سلێمانی: دەمێكە وا لە گریان و لە ئەفغانا
ئەبێ تۆڵەی بسێنن یەك بە سەد ئیمڕۆ لە مەیدانا
ئەوا هاتۆتە شاخی هەندرێن عەسكەری زۆری 
وەهای لێ دەن: كە ئەو شاخە ببێتە مەقبەرە و گۆڕی!

  ئەو هۆنراوەیە لەو ساتەوەختەدا بایەخ و گرنگییەكی زۆری هەبووە و بووبووە وێردی سەرزاری رۆشنبیران و بەتامەزرۆییەوە دەستاودەستی دەكرد و دەماودەم دەگێڕدرایەوە، بەتایبەت لە شاری سلێمانیدا.

  ئێستاش رۆشنبیران شرۆڤە و لێدوانی لەسەر دەدەن و بەرز دەینرخێنن و باس لە سەنگ و گرنگی و بایەخی دەكەن. مامۆستا زاهیر ئەحمەد سەوز، كە ئەدیبێكی ناسراوی شاری سلێمانییە و لەو ساڵانەدا لە شارۆچكەی رواندز مامۆستا بووە و بەگائا بووە لە رووداوەكان، بەمجۆرە شرۆڤەی ئەو هۆنراوەیەی بۆ كردین: 
"شاعیرانی نەتەوەیی لە رێگەی هەڵبەستەوە، رۆڵی جوامێرانەی پێشمەرگە و مەلا مستەفای بارزانی دەنرخێنن و بەیان دەكەن، ئەمەش لەو روانگەیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم قەسیدەیە لەلایەن ئەوڕەحمان بەگی بابان نووسراوە و ئاماژەیە بۆ شەڕی هەندرێن. ئەو شەڕەی تۆڵە بوو بۆ خوێنی پاكی بەناهەق رژاوی كورد. لەناو دێڕەكاندا بە زمانێكی سادە و پاراوی راستەوخۆ، دوور لە ئایدۆلۆژیا و دەمارگرژی. 

 قەسیدەكە بەگشتی و وشەكان بەتایبەتی سیحری بەتاڵ نین و پەیامێكی ئاشكران و ناواخنیان بەرزڕاگرتنی رۆڵی (بارزانی)یە، نەك تەنیا لەم قەسیدەیەدا، بەڵكو زۆربەی نووسەران ئەم رۆڵەیان بەیان كردووە و خستوویانەتە نێو گۆڤار و رۆژنامە و بڵاوكراوەكانەوە و وەك سیمفۆنیا دراوە بە گوێی كوردانی خۆڕاگر و نەتەوەیی و نیشتمانپەروەردا.
  ئەم قەسیدەیە بێلایەن نییە، لە ئامرازەكان و بیری نووسەرەوە خوڵقاوە. راستە زانست ئەسەلمێنێ، لەهەمانكاتدا ئەدەب و هونەر رووداوەكان دەسەلمێنن بۆ راستیی ئەم بۆچوونە بەڵگە زۆرن و ماوە كەمن، ئامانجی گەورەی ئەدەب، ئامادەسازییە بۆ تێكۆشان دژ بە داگیركەر، بەتایبەت لە قۆناغی رزگاریخوازی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، بە رابەرایەتیی سەركردە نیشتمانپەروەرەكان كە سەردەقیان مەلا مستەفای بارزانی و قازی محەمەدە لەناو كورددا.

 هەروەها مامۆستا زاهیر دەڵێت: شاعیر لەم قەسیدەیەدا كە بریتییە لە (47) بەیت و لەژێر ناوی (شەڕی هەندرێن) بڵاو كراوەتەوە، وەك ئامانجی بەرز و باڵای رۆڵی جوامێرانەی (پێشمەرگە، مەلا مستەفای بارزانی، هاوڕێباز و هاوسەنگەرەكانی، كوردی نەتەوەیی لە شار و لە شاخ، ئەدیبان و گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵ)، كە لەژێر چەتری یەكڕیزی و تەبایی و خۆشەویستیی خاك و خەڵك و مەلا مستەفا لەسەر خاكی كوردستان لەنگەری گرتبوو. بەمشێوەیە هێمای بۆ كراوە.

 (عەدو وا تێئەگا)، (لەسەر ئەم ئەمرە بوو، حەسڵەی دلێر و شێری بارزانیی، هەزاران ئافەرین بۆ تۆ، سەندتەوە تۆڵەی سلێمانی، دەنگوسەدای ئەم فەتحە مومتازە، ئەوا دەرسێكی تازەی دا ئەدا ئوستادی بارزانی، ئەوی چاوی لەجێی تۆیە وەهای لێدە بەبێ ئامان، لە نۆ سەد تێپەڕی ساڵ و شەست و شەش لە نیسانا، ئەوا هاتووەتە شاخی هەندرێن).
  هەموو ئەم نیوە دێڕانەی نێو هەڵبەستەكە هێمان بۆ قارەمانێتیی پێشمەرگە و مەلا مستەفا و هاوسەنگەرەكانی و رۆڵی ئەرێنی و نەرێنی سەركردە. مێژووی گەلانی دونیا لە رێگەی دەقە ئەدەبی و هونەرییەكانی سەردەمی خۆیان ئەنرخێنرێ. شاهیدیی رۆڵی جوامێرانەی مەلا مستەفای بارزانییش، ئەم شیعرە و سەدان شیعری شاعیرانی سەردەمەكەن، كە شاهیدی حاڵن.

  ئەقڵ لە گشت بابەتەكاندا لەدوای خۆی دەگەڕێت، واقیعیش نمایش ناكرێت ئەگەر دەقەكان نەدۆزرێنەوە، لێرەشدا ئەم دەقە شیعرییە (خود، گیانفیدایی پێشمەرگە، رۆڵی سەرۆك بارزانی، داڕشتنی تۆكمە، دەستنیشانكردنی سەرخەتی شەڕی هەندرێن، لە قەڵەمی شاعیرانی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی وەك ئەوڕەحمان بەگی بابان و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە رۆڵی سەركردە و خواستی گەل و شۆڕش، لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، خۆیان نمایش دەكەن).

 شاعیر پێش زەمەن كەوتووە و حەقیقەتی واقعیی بەدەر خستووە و بەئاگا بووە لەوەی، زانست بە سەلماندن ئەنرخێنرێ، هونەر و ئەدەب نمایشی دەكا، هەردووكیشیان رەزامەندی، یان رەتكردنەوەی ئەدەن.  

  شەڕی هەندرێن نە خەیاڵ بوو، نە خەو، واقعێكی راستەقینەی سەر ئەرزی چیای هەندرێن بوو، بەشداربووان، شاهیدەكان لە ژیاندان و هەوێنی تۆڵە و قیبلەنمای ورە بەرزی پێشمەرگە و كارامەیی و گیانفیدایی مەلا مستەفا و حیكمەتی پاراستنی خاك و خەڵك و دەنگی تۆڵە بوو لە داگیركەر لەسەر هەر بستە خاكێكی كوردستان، دەرهەق بەو تاوانەی لە شاری سلێمانی ئەنجام درا، لەسەروەختی شۆڕشی ئەیلوول و سەرەتای قۆناغی بزاڤی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە رابەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی و بیر و توانای پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیە بوون بە هەوێنی دەیان شیعری شاعیران. یەكێك لەوانە ئەم قەسیدەیە و قەڵەمی بەپێزی (ئەوڕەحمان بەگی بابان) و هاوبیرەكانییەتی، كە لەم قەسیدەیەدا رەنگی داوەتەوە.    

 * سەرچاوەكان:
- رۆژنامەی برایەتی، ژمارە (1643)، رۆژی پێنجشەممە 14ی5ی1992، لاپەڕە (6)دا، وتارێكی مەحموود ئەحمەد محەمەد.
-  رۆژنامەی هەولێر، ژمارە (3082)، 14ی5ی2019 لا(5) – رائیب جادر، یادی 53 ساڵەی داستانی هەندرێن كرایەوە.
-  دیدارێكم لەگەڵ نووسەر و چیرۆكنووسی ناسراو، مامۆستا زاهیر ئەحمەد سەوز.
 

میدیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.