Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:46

ئەو کەسەی لەژێر پردەکەی سلێمانی ئازاری مەیموونێکی دابوو سزا درا

کوردستان TV
100%

لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئەو کەسەی سزا دا کە لەژێر پردەکەی سلێمانی ئازاری مەیموونێکی دابوو، لەمبارەیەوە سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان جەختیشی کردۆتەوە کە هەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە باڵندە و ئاژەڵی کێوییەوە بکات سزا دەدرێت.

دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە کەسێک ئازاری مەیموونێک دەدات، ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی 05ـی 2023 لەمبارەیەوە ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند: لیژنە هاوبەشەکانیش کەسەکەیان دۆزییەوەو بەپێی یاسا سزا درا.

ڕێکان جەمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی گوتی: دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی کەسێک بڵاوبووەوە کە لەژێر پردەکەی سلێمانی ئازاری مەیموونێک دەدات، دەستبەجێ لیژنە هاوبەشەکان ڕێکاری پێویستیان گرتەبەر و کەسەکەیان دۆزییەوە، بەپێ مادەی 7 لە یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان بە پێبژاردنی ماددی سزا دراوە و بەڵێننامەی لێ وەرگیراوە کە کاری لەو جۆرە دووبارە نەکاتەوە.

گوتیشی: هەر ئەمڕۆش هەڵماتێکیان بۆ مەیدانی ئاژەڵان (ژێر پردەکە) لەناو بازاڕی سلێمانی ئەنجام داوە و دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەکی زۆر باڵندەی کێویدا کە بەهیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت مامەڵەیان پێوە بکرێت، دواتریش بە چاودێری پۆلیسی دارستان تەواوی ئەو باڵندانە لەناو باخی گشتیی و پارکی هەواری شار بەردرانە ناو سروشتەوە.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان جەختیشی کردەوە کە هەر کەسێک مامەڵە بە باڵندە و ئاژەڵی کێوییەوە بکات بەپێی یاسا سزا دەدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.